وتەبێژی حکومەت و جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا دژایەتی وڵاتەکەی بۆ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایدەگەیەنێت "ڕیفراندۆم هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە".
ئەمڕۆ 15ی ئاب، دوای کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکومەتی تورکیا لە ئەنقەرە، بەکر بۆزداغ وتەبێژی حکومەت و جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند: تورکیا دژی ئەو هەوڵانەیە کە هەڕەشەن بۆسەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و لەناویشیاندا ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان.
بۆزداغ بە ئاماژەکردن بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی پەیەدە و یەپەگە لە سوریا وتووشیەتی، تورکیا دژی دروستکردنی "دەرچەی تیرۆر"ە لە سوریا و "تۆڵە دەستێنێت لە هەر هەڕەشەیەک لە ناوچەکانی ژێردەستی پەیەدەوە بێت."
بڕیارە هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلولدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامبدات و تا ئێستاش جگە لە (ئیسرائیل) هیچ ووڵاتێک پاڵپشتی خۆیی بۆی ڕانەگەیاندووە.