شاندى پارتى لە دواى تەواوبوونى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ گۆڕان، سەردانى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى کرد وکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتى دەستیپێکرد.
دواى نزیکەى ٥ کاتژمێر کۆبوونەوەى نێوان شاندى پارتى و بزووتنەوەى گۆڕان کە لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو کۆتاییهات و لەپاش ئەوەش شاندەکەى پارتى سەردانى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى کرد و لە ئێستادا شاندی پارتی لەگەڵ یەکێتی لە کۆبوونەوەدان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی پارتی گەیشتە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دەستیپێکرد.
ئەندامانی شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی کە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و هەریەک لە ئازاد بەرواری، مەحموود محەمەد، جەعفەر ئێمینکى، عیزەدین بەرواری و ڕێبوار یەڵدا.
شاندی گۆڕانیش پێکهاتبوون لە، عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، جەمال حاجی محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن، ئاسۆ مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و ئاراس وەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان.
لە ئێستاشدا کۆبوونەوەى نێوان شاندەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بیناى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى لە سلێمانى دەستیپێکردووە.
بەڕێوەچوونى ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە، پێشتریش مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی ڕایگەیاند، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا و بە ڕێککەوتنی هەردوولا ئەجێندای کۆبوونەوەکە دیاری دەکەن و دواتر خاڵەکانی بەرنامەی کۆبونەوەکە تاوتوێ دەکەن.