لە یاداشتێكدا 34 ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی بۆ جێگرانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی داوای گۆڕانكاری لە حزب و حكومەتدا دەكەن و ماوەی مانگێك دانراوە بۆ جێبەجێكردنی و بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتووەوە دوو لیژنە بۆ ئەو مەبەستە دەستبەكار بن
بە پێی زانیاریەكان، ئەو یاداشتە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییە لەنێو ئەو حزبەدا و لە 9 دێڕ پێك هاتووە و ئاڕاستەی جێگرانی سكرتێری گشتی كراوە و هۆشداریی ئەوە دراوە كە نابێت گۆڕانگاریی و چاكسازیی لە ئۆرگانە حزبییەكان و پشكی یەكێتیی لە حكومەتدا دوا بخرێت.
عەدنانی حەمەی مینە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی كە یەكێكە لەوانەی ئیمزای لەسەر ئەو یاداشتە كردووە، بە هەفتەنامەی "ئاژانس"ی وتوە "وتوومانە گۆڕانكاریی ڕیشەیی سەرتاسەری لە یەكێتییدا نەكرێت تەحەمولی ئەوە ناكەین بچینە بەر سندووقی هەڵبژاردن، دوو لیژنە درووست كراون بۆ گۆڕانكاریی لە حزب و لە حكومەتدا، لە پڕۆژەكەشماندا هاتووە كە دەبێت پێشنیاری ئەو دوو لیژنەیە بە هەند وەربگیرێت و لە هەر ئۆرگانێكدا پێویست بێت بۆ هەستانەوەی یەكێتیی دەبێت گۆڕانكاریی بكرێت".
سەبارەت بە هەڵوێستی بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی لەسەر ئەو پڕۆژەیە عەدنانی حەمەی مینە وتی "كاك بەرهەمیش پێی وتین یەكێتیی چاك بكەن من ماڵ بە ماڵ بۆی دەگەڕێم".
بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی نێو یاداشتەكە ماوەی مانگێك دانراوە بۆ پڕۆژەكە و سەرەتای هەفتەی ئاییندەش لیژنەكان دەست بە كارەكانیان دەكەن.
بەرپرسی یەكێتیی بە هەفتەنامەكەی وتووە "داوا كراوە نەخشە ڕێگاكەی یەكێتیی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و خیتابی سیاسیی یەكێتییش یەك بخرێت و لیژنەیەك پڕۆژەكەی داوەتە هەریەك لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی و كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سكرتێری گشتی و ئەوان ڕازین لەسەری و بڕیاریشە ئەمڕۆ چوارشەممە 23/8 لەگەڵ كاك بەرهەم ساڵحیشدا دیراسەی پڕۆژەكە بكەن".
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی كە ئەندامی لیژنەی گۆڕانكاریی حزبییە، بە هەفتەنامەكەی وتووە "ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئۆرگانە حزبییەكان دەكەین و پێشنیار بەرز دەكەینەوە بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە مەبەستی گۆڕانكاری".