ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، 95 ملیار دینار لە پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی 2017 هاتوە بۆ شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بەم زوانە دەست دەكرێت بەدابەشكردنی.
ئەمین بەكر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی "ماوەی رابردوو لەوەڵامی بەدوا داچونێكمان بۆپارەی گەنمی جوتیاران، بەرێز (سلمان جمیلی) وەزیری بازرگانی بەوەكالەت پێ ی وتم كە (حیدر عبادی) لەسەر خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران ڕەزامەندی نیشان داوە".
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات، لەئێستادا ئەو بڕە پارەیەی كە هاتوە بۆ هەرێم كەمترە لەو پارەی لای بەغدایە و هی ساڵی 2017 یە و دەڵێت"چونكە سلێمانی كە 46 هەزار تەن گەنمی ڕادەستی بەغداد كردوە، 15 ملیار دیناری بۆ هاتوە لەكاتێكدا دەبوایە 26ملیار دۆلاری بۆ بهاتایە، وە هەولێریش 45ملیار دۆلاری بۆ هاتوە لەكاتێكدا 113هەزار تەنی ڕادەستی بەغداد كردوە و، دهۆكیش بڕی 35ملیار دیناری بۆ خەرجكراوە لەكاتێكدا 111هەزار تەن گەنمی جوتیارانی لێ وەرگیراوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت"واتە پارەی هیچ كام لەپارێزگاكانی هەرێم بەتەواوی نەهاتو، بەڵام بەپێ ی بڕیاری بەرێوبەرایەتی گشتی سایلۆكان، دەبێت پارەی جوتیاران بەتەواوی بدرێت تائەو شوێنەی بەش دەكات و ئەوان چاوەرێی پارەی ترن بۆ ئەوەی پارەی ئەوانەش بدەن كە بۆئەمجارە بەشیان ناكات، بەڵام هێشتا ئەو پارانەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015و 2016 كەماون هێشتا لە بەغداد خەرج نەكراون".
هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی كە ئەوان لەپەرلەمان بڕیارێكیان دەركرد كە تیایدا دوای لەحكومەت دەكرد، دەبێت بەزوترین كات چی پارەی جوتیارانی هەرێم كەلای حكومەتی عێراقی ماوە خەرج بكات".