بەهۆی کوژرانی دوو کۆڵبەرەوە لە شاری بانە خۆپیشاندانە

بەهۆی کوژرانی دوو کۆڵبەرەوە، خەڵکی شارە بانە بەداخستنی دوکان و بازاڕەکان دەستیان بەناڕەزایەتی کردو تا ئێستا خۆپیشاندان بەردەوامە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٥ ی ئەیلول  هاووڵاتییانی شاری بانە، لە بەرامبەر کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت، بە داخرانی دووکان و بازاڕ و کۆبوونەوە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە ناڕەزاییەتییان دەربڕی.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، لەلایەن گاردی تایبەتیەوە بەرپەرچدرانەوەو ئەو ‌هێزە بە گازی فرمێسک رێژ و گوولەی پلاستیکی رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەتەوەو چەند بریندارێک هەیەو خۆپیشاندانەکە بەرەبەرە گەورەدەبێت و حکومەتی ئێرانیش هێزی زیاتر لە شارەکە کۆدەکاتەوە. 

سەر لە بەیانی 4 ئەیلول دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژران 
ئەو دوو کۆڵبەرە ناوەکانیان "حەیدەر فەرەجی"تەمەن ٢١ ساڵە و خەڵکی گوندی"شەشە" و، "مام قادر بەهرامی " تەمەنت ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی"وزمەڵە" خاوەنی چوار مناڵە.

کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسی ئەوەی هەیە ئەو خۆپیشاندانانە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە، هەر بۆیە پەیتا پەیتا ‌هێز زیاتر دەهێنێتە شارەکە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.




AM:11:32:05/09/2017