پارتی‌ بۆ یەكێتیی و یەكگرتوو: خۆتان یەكلابكەنەوە

پارتی‌ پەیامێك ئاراستەی‌ یەكێتیی و یەكگرتوو دەكات و داوایان لێدەكات، وەكو چۆن گۆڕان و كۆمەڵ دوا بڕیاری‌ خۆیان ڕاگەیاندوە، ئەوانیش خۆیان یەكلابكەنەوە، وتەبێژی‌ فەرمی پارتیش دەڵێت "نابێت پرۆسەی‌ سیاسیی لەسەر لایەنێك یان دوو لایەن بوەستێت".

مەحمود محەمەد، ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسیی و وتەبێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەشاری‌ هەولێر پەیامێكی‌ ئاراستەی‌ یەكێتیی و یەكگرتوی‌ ئیسلامی‌ كرد و داوای‌ لێكردن "وەكو چۆن گۆڕان و كۆمەڵ دوا بڕیاری‌ خۆیان ڕاگەیاند، پێویستە یەكێتی و یەكگرتوی‌ ئیسلامی‌ خۆیان یەكلایی بكەنەوە و بڕیاربدەن".

جەختی‌ لەوەشكردەوە "هیچ گۆڕانێك لەهەڵوێستی‌ لایەنە سیاسییەكان ڕوینەداوە و ئێمەش وەكو پارتی‌ سورین لەسەر هەڵوێستەكانی‌ پێشوی‌ خۆمان، ئەوەش ناشارینەوە، پرۆسەی‌ سیاسی‌ نابێت لەسەر لایەنێك یان دوو لایەن بوەستێت و پەكی‌ بكەوێت".

سەبارەت بەكاراكردنەوەی‌ پەرلەمانیش مەحمود محەمەد جەختیكردەوە لەسەرئەوەی‌ "ئێمە پێمانوایە لەكوێ كارەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ڕاگیرا، لەهەمان ئەو شوێنەوە دەستپێبكاتەوە، هەروەها سوریشین لەسەرئەوەی‌ دەبێت بەبێ‌ مەرج پەرلەمان كارابكرێتەوە".



PM:01:31:06/09/2017