پێش نیوەرۆی ئەمرۆ شەممە یەكێتی نیشتمانی كوردستان
و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان کۆبوونەوە.
لەمبارەیەوە عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی
سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند"كۆمەڵ لەگەڵ یەكێتی
نیشتمانی باس لەوە دەكات كە كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و پرسی ڕیفراندۆم دەبێت چارەسەر
بكرێن، بۆ ئەوەی ئەگەر پەرلەمان كارابكرێتەوە كێشە و ناكۆكی دروست نەبێتەوە".
وتیشی "ئێمە پێمان باشە پێش كاراكردنەوەی پەرلەمان
ڕێككەوتن لەسەر پرسە هەستیارەكان بكرێت".
وەفدی یەكێتی پێكدێت لە شۆڕش ئیسماعیل، ئەندامی
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لەتیف شێخ عومەر و عەدنانی حەمەی مینا و
جەمیل هەورامی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی.
وەفدی كۆمەڵ پێكدێت لە محمد حەكیم، كارگێڕی ئەنجومەنی
سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، ئەنوەر سەنگاوی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی، دیاری محەمەد
و بەدریە ئیسماعیل و سەلیم كۆیی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و فەخرەددین قادر
سكرتێری پەڕلەمانی كوردستان.