كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە هەولێر كۆتایی هات و "سپی" ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكات
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكرایتی كوردستان بە "سپی میدیایی ڕاگەیاند "پارتی و یەكێتی لێكتێگەشتنی باش لەنێوانیاندا هەیە و سبەی جارێكیتر كۆدەبنەوە".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا "هەردوولا گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و سیستمێكی نوێی موچە بڕیاریشە سبەی ڕێككەوتنێك لەسەر كۆی پرسەكان ئەنجام بدەن".
كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو، شاندەكەی یەكیتی پێكهاتووە لە مەلا بەختیار، سەعدی ئەحمەد پیرە و قوباد تاڵەبانی، هەروەها شاندی پارتی پێكهاتووە لە نیچیرڤان بارزانی، فازڵ میرانی، ڕۆژ نوری شاوەیس، هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری.
هاوكات دوێنێ هێمن هەورامی راوێژكاری سیاسی بارزانی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە، گفتوگۆ دەكەن لەسەر كاری هاوبەش بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان تا ١٥ی ئەیلول".