بارزانی بەدیلەکەی ریفراندۆمی رەتکردەوە

بارزانی دوای ئەوەی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکگۆرک و نوێنەری هاوپەیمانان بەفەرمی رایگەیاند کە " بەدیلە" کەی ئەوان لە بری ریفراندۆم وەرگرت و پێشوازیی لە گفتوگۆی بونیادنەرانە کرد، هەر ئەمڕۆ لە کۆووبەوەیەکی جەماوەریدا رەتیکردنەوە.

بارزانی رۆژی ١٤ ئەیلول لە راگەیەندراوی سەرۆکایەتییەکەیدا وتی " سەرۆک بارزانی ئەو بەدیلەی وەرگرت و پێشوازیی لە گفتوگۆی بونیادنەرانە کرد، بەڵام سەبارەت بە ڕیفراندۆم و بەدیلی پێشنیارکراو، ڕایگەیاند کە ئەوە بە تەنها بڕیاری من نییە و ئەو بابەتە لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان باس دەکەین و لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵوێستمان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنین".

بارزانی وتیشی " بڕیاری رێفراندۆم بڕیاری لایەنەکانی کوردستانە و ئێستا شەراکەت لەگەڵ عێراقدا شکستی بردووە".

سەبارەت بە بریتی رێفراندۆم، بارزانی جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە ئێستا درەنگە بۆ ئەو قسەیە، ئەگەر بەدیلێکی باشتر و مسۆگەرتر هەیە فەرموون، بەڵام هیچ کەس ئەوەی نەکرد و هیچ بەدیلێکی باشتر نەخرایە ڕوو و ئه‌و به‌دیله‌ی پێشنیازكراوه‌ ته‌نها داڕشتن و وشه‌یه‌.

ئەمڕۆ ١٦ ی ئەیلول مەسعوود بارزانی لەگەڵ پێکهاتەکانی دەشتیی نەینەوا کۆبوویەوە و لە گوتارێکدا رایگەیاند"هیچ بەدیلێکی باشتر لە رێفراندۆم نەخراوەتە ڕوو.. بۆ پێکهاتەکانی دەشتیی نەینەوایش دڵنیایی دا کە کەس ناتوانێت هیچ شتێک بەسەر ئێوەدا بسەپێنێت. ئەگەر بتانەوێت لە چوارچێوەی وڵاتی کوردستان بژین، گرەنتی هەموو مافەکانتان دەکەین".

بارزانی لە میانی کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ پێکهاتەکانی دەشتی  نەینەوا " سەرپشکی کردن کە بەو پەڕی ئازادی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و رایگەیاند، ئەنجامدانی رێفراندۆم بۆ سەپاندنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا نییە، ئێوە ئازادن لە دیاریکردنی چارەنووستان، دووپاتیشی کردەوە کە رێگە بەکەس نادەن خۆیان بەسەر دەشتی نەینەوادا بسەپێنن".

بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا بەڵێنی دایە پێکهاتەکانی دەشتیی نەینەوا " بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر لەگەڵ ئێمە ژیان و بڕیارتاندا لەچوارچێوەی دەوڵەتی کوردستان بن، ئەوا وڵاتێک دروست دەکەین کە بۆ هەموومان بێت و کوردستان ببێتە وڵاتی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان. کەس ناتوانێت هیچ شتێک بەسەر ئێوەدا بسەپێنێت. ئەگەر بتانەوێت لە چوارچێوەی وڵاتی کوردستان بژین، گرەنتی هەموو مافەکانتان دەکەین".






PM:03:32:16/09/2017