ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دواخستنی ڕاپرسی ڕەتکردەوە

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم وتەکانی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی داخستنی ڕیفراندۆمەوە ڕەتکردەوە و بافڵ تاڵەبانیش پۆستەکەی فەیسبوکی سڕیەوە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا هاتووە "لە ژمارەیەك میدیا و دەزگای ڕاگەیاندن، لەسەر بنەمای نووسینێكی بەڕێز پاڤێڵ تاڵەبانی دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە پارتی و یەكێتی پاكێجی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیایان پەسەند كردووە و ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێت."

لە ڕاگەیەندراوەکە ئەش هاتووە "بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ ئەساسێكی نییە و دوورە لە ڕاستی و ڕیفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت".

هاوکات بافڵ تاڵەبانی کە کەمێک لەمەوبەر لە پۆستێکی فەیسبوکدا ڕایگەیاندبوو پارتی و یەكێتی پاكێجی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیایان پەسەند كردووە و ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێت پۆستەکەی سڕیەوە.




PM:04:39:23/09/2017