سوپاى ئێران و عێراق مانۆڕێکى هاوبەش ئەنجامدەدەن

 

سوپاى ئێران و عێراق مانۆڕێکى سەربازى لەسنورەکانى هەرێمی کوردستان  ئەنجامدەدەن.


ئاژانسی میهری ئێرانى، لەسەر زاری وتەبێژى هێزە چەکدارەکانى ئێران، بڵاویکردەوە، "هەردوو سوپای ئێران و عێراق مانۆڕێکى هاوبەشی سەربازى لە نزیک سنورەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدەدەن".

مەسعود جەزائیری، وتەبێژەى هێزە چەکدارەکانى ئێران ڕاشیگەیاندووە "ئێران بە تەواوی پشتگیرى لە عێراقێکى یەکگرتوو دەکات و پێیوایە ڕیفراندۆمى هەرێم هیچ شەرعییەتێکى نیە".

جەختی لەوەش کردۆتەوە هەموو ڕێوشوێنێکى پێویستیان لە سنورەکان گرتووەتە بەر و "ڕێگەمانداوە سوپای عێراق لە سنورەکانى هەرێمى کوردستان جێگیر بێت".

دوێنێش وەزارەتى بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، عێراق لە پلانیدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و تورکیا دەستبەسەر خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستاندا بگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت و ئێوارەی ٢٩ ی ئەیلول بڕیارەکە خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە.



PM:03:18:30/09/2017