بەرھەم ساڵح، لەپەیامێکی ڤیدیۆیدا ھاوپەیمانیەتیەکەی ڕاگەیاند و، دەڵێت "چارەسەری ئەم بارە ناھەموارە، ڕووبەڕووبونەوەی ئەم زوڵم و ستەمکاریە، بە تاکە کەس و بەتاکە حزب و بە ناوچەیەک ناکرێ".
بەرھەم ساڵح، لە دەستپێکی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا کە لەھەولێرەوە ئاراستەی کوردستانیان، و عێراق، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، دەڵێت "ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، وەکو قەوارەیەکی سیاسی و خزمەتگوزار، بۆ بەشداری ھەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان، بەئێوەی ئازیز ڕادەگەیەنین".
لە وەڵامی پرسیاری، ھاوپەیمانی بۆچی؟، بەرھەم ساڵح، پێیوایە، ئەم قەیرانە سەختەی ئەمڕۆ بەرۆکی کوردەواریی گرتووە چارەسەری ئەم بارە ناھەموارە، ڕووبەڕووبونەوەی ئەم زوڵم وستەمکاریە، بە تاکە کەس و بەتاکە حزب و بە ناوچەیەک ناکرێ. بەڵکو ڕوبەرروبوونەی بێدادی و گەندەڵی و پاوانکاری پیویستی بە ھاوکاری وھاوپەیمانی کەسان و لایەنی خەمخۆری جۆربەجۆرە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری کە بنەمای حوکمڕانی باش و خەمخۆری ھاوڵاتیە.
بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەداوە، گۆڕانکاری و چاکسازی ڕاستەقینە بە یەک حیزب و لایەن و بە مەیدانکردنی یەک ناوچە بەدی نایەت.."لە شەستەکانەوە کوردەوەرای گیرۆدەی ئەم ھەوڵە بێ ئاکامانەیە و سەرئەنجام بینیمان، بەم فۆڕمە لە دابەشکاری و ململانێی تەقلیدی، کە زۆر جاریش بە داخەوە خویناوی بووە، ھەوڵی یەکخستنی ماڵی کورد و چاککردنی حوکمڕانی خۆبەخۆی کورد لە بەرداشی ئەم ململانێیانەدا شکستی ھێناوە".
بەڵکو بەبڕوای ئەو، ھاوپەیمانی تێدەکۆشێت بۆئەوەی دوای مێژوویەک لەتاڵاوی دابەشکاری و پاوانکاری، و ململانێی زبر و زمانی تەشھیر و تەخوین، ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرقەراربکەین، و کێشەکانی حوکمڕانی چارەسەر بکەین لە مووچەبڕین و پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ، بە حیزبیکردنی کایەکانی ژیان، خزم خزمێنە، دەستێوەردانی بازاڕ، بەدگومانی ھاوڵاتیان لە دەسەڵات و سیاسەتی نەوت، نەبوونی سیاسەتی ئەمنیی یەکگرتوو و شپرزەیی وبێسەری بڕیاڕی سیاسی..ئەم ھاوپەیمانییە تێدەکۆشێت بۆ چەسپاندنی الحکم الرشید و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگەی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردەوە.
سەبارەت بەکاتی راگەیاندنی، ھاوپەیمانێتی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، دەڵێت، ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانی لەکاتێکدایە، باسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و کاردانەوەکانی، بەگەرمی لەئارادایە. ھیچ گومانی تێدا نیە،گەلی کوردستان خاوەنی مافی چارەنووس و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی.
بەرھەم ساڵح، سەبارەت بەھەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ، باس لەوەدەکات، دراوسێکانمان لەناوچەکە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرن، کە کورد گەلێکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەیە، ئاسایش و ئارامی ڕۆژھەڵات، بەبێ ڕێزگرتن لەمافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دابین نابێت. ڕابردووش سەلماندویەتی بە زمانی ھەڕەشە و سزادانی بە کۆمەڵ ھەرگیز ئیرادەی گەلێک بۆ ئازادی لەناونابرێت.
ھەروەھا، دەشڵێت، بۆ دەیان ساڵ عێراقییەکان بەگشتی، نەھامەتی و تاڵاوی چەوسانەوە و شەڕو ئاشوبیان چێشت، بێبەشبوون لە ئاشتی و ئازادی و خێر و بێری وڵاتەکەیان. لە ڕاماڵینی ڕژێمی سەدامەیشەوە، لەگەڵ ھەموو ئەو ھیوایانەی لەسەر سیستەمی حوکمڕانی نوێی عیراق ھەڵچنرابوو، کەچی دیسان عیراق دووچاری قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی خزمەتگوزاری بووتەوە.
دەشڵێت "بەداخەوە لەعێراقی نوێدا جارێکی تر، ھاوڵاتیان لەبەسرە، سەمماوە، بەغدا، موسڵ و رومادی و بەڵێ لەسلێمانی و ھەولێریش، نیگەرانن لەخراپی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، لەشەڕ و گەندەڵی و پێشیلکردنی دەستوور، و یاسا".
بەرھەم ساڵح، پێی وایە، دوای۱٤ساڵ لە ڕاماڵینی سەدام، ئیدی کاتی پیاچونەوەی ئەم دۆخە ناجۆرەیە. وادەی چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سیاسی عێراقە، "ناکرێ ئەم وڵاتە ھەروا بەردەوام گیرۆدەی گێژاوی ململانێی ناوخۆیی و ئیقلیمیەکان بێت. پێویستە زوو بەزوو نوێنەرانی ھەموو پێکھاتەکانی لەبەغدا دایەلۆگی ڕاشکاوانە دەست پێبکەن، لەپێناو دەربازکردنی عێراق لەم گێژاو و ئاشوبە بەردەوامە کەنەھەماتیە نەک تەنھا بۆ کورد بەڵکە بۆ گشت پێکھاتەکانی".
سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی کوردستان، لەپەیامەکەدا، بەرھەم ساڵح دەڵێت، باشترە ئەو ڕاستیە تێبگەین دەسەڵاتی باش و دادپەوەر، حوکمڕانی باش، ئامرازی بەجێگەیاندنی مافەکانی گەلی کوردستانە. ستەمکاری و لەدەستدانی متمانەی ھاوڵاتی بەحوکمرانی، سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسین بۆئێستا و ئایندەی ئەم گەلە.
سەبارەت بە پێکھاتەی ھاوپەیمانی بۆدیموکراسی دادپەروەری و ئامانجەکانی، لەپەیامەکەدا ھاتووە، بۆ ھاوپەیمانی، سیاسەت ئامڕازی خزمەتکردنی گەلە. "لێرەدا کۆمەڵیک ھاودید کۆبوینەوە، بەشێکمان بێ پاشخانی حیزبی یا سیاسی، بەشەکەی تریشمان لە حیزب و قەوارەی جیاوازەوە ھاتووین، و ھەریەکە ئەزموونیکی تایبەتی خۆی ھەیە، و دڵنیام ھەریەکە بە ھیوای دابینکردی ئانیدەیەکی گەش بۆ گەلەکەی لە بواری خۆیدا کاری بێ وچانی کردووە، بەڵام وا ئەمڕۆ ھەموومان بەئامانجی خزمەتکردن و حوکمڕانی دیموکرات و دادپەروەر لەم ھاوپەیمانیە کۆبوینەتەوە".
سەبارەت بەھیواو خەونی خۆی، بەرھەم ساڵح ئەوەی خستووەتەڕوو، منیش ھەر وەک یەکێک لەو ھاودید و ھاوکارانەم، بە ھیوای ڕزگاری و دادپەروەری بۆ گەلەکەم لەساڵی ۱۹۷٦بوومە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ ٤۱ ساڵ لەریزەکانی خەباتی بێ دابڕانم کردووە .
لەپەیامەکەیدا، ھەروەھا باسی لەدۆخی گەنجان کردووە، و پێی وایە"گەنجانی ئەم وڵاتە سەرمایەی کاریگەری بەڕێوەبردنی وڵاتن، شیاوی سەرھەڵگرتن و کۆچی ڕێی ھاتونەھات نین. بەداخەوە؛ لەبری ئەوەی، دەرفەتی تواناسازی و ھەلی کار،کەچی زۆرینەیان بێ کار و گیرفان خاڵی کراون لە نییشتمانێکی پڕ خێر و بێردا".
ھەربۆیە ھاوپەیمانی مەبەستیەتی گەنجان بکاتە داینەمۆی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی وڵات. ئەوان بکاتەوە سەرمەشقی ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دەرفەتی پێگەیاندن و گەشەپێدانی مرۆیی بۆ فەراھەم بکات، وەک لە پەیامەکەدا ھاتووە
.
سەبارەت بەرۆڵی ژنان، لەڕوانگەی ھاوپەیمانیەوە، بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەکردووە، ژنان ھەر نیوەی کۆمەڵ نین، بەڵکو دایکی نیوەکەی تریشن. پەروەردەکار و ھێزی سەرەکی کۆمەڵگان. لەم تێگەیشتنەوە ھاوپەیمانی، ھێزی ھاوسەنگی ژن و پیاوە.
دەشڵێت"لەدیدی ئێمەوە، ستەمی سەر ژن ستەمی سەر گۆمەڵگایە. بەپێی پەیڕەوی ھاوپەیمانی، ڕێژەی ھاوسەنگ، ڕێژەی شایستەیە بۆژن، نەک ڕێژەی کۆتا. ھەربۆیە ڕەچاوکردنی چونیەکی لە ئەرک و ماف و بەرپرسیارێتیەکانی نێوان ژن و پیاو، بەکردەوە دەکەینە یەکێک لەجیاوازیە جوان و بەرجەستەکانی پێکھاتەی ھاوپەیمانی".