مەترسیەكی گەورەی دارایی بەغدا لەسەر هەرێم ئاشكرادەكرێت

پێنج ڕۆژی دیكە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2018 لەلایەن حكومەتی عیراقەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت و پەرلەمانتارانی كوردیش لەبەغدا مەترسیەك لەسەر پشكی هەرێم ئاشكرادەكەن.


ئەحمەد حاجی ڕەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری كورد لەبەغدا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندوە "لەدوا كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا ئێمە وەك نوێنەرانی كورد بڕیاری بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانمان نەدا، بەڵكو ویستمان بەشداری دانیشتنەكان بكەین، بەڵام لەلایەن نوێنەرانی پێكهاتە عەرەبیەكانەوە بەیاننامەیان دژی كورد خوێندەوە، ئێمەش بایكۆتی كۆبونەوەكانمان كرد".


ئاشكراشیكرد، "چاوەڕواندەكرێت ڕۆژی 10ی ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجەی 2018ی عیراق ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، ئێمەش وەك نوێنەرانی كورد هەركات پڕۆژەكە بگاتە پەرلەمان، ئامادەی كۆبونەوەكانی دەبینەوە".


ئەو پەرلەمانتارە كوردە جەختیشیكردەوە، "پشكی كورد لەبودجەی ساڵی 2015ی عیراقەوە بڕدراوەو بەغدا مەرجی دیاریكردنی پشكی كوردو ڕەوانەكردنی بەستۆتەوە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتیمانی كەتایبەتە بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق".


ئەوەشی وت:"ئێمە لەماوەی ڕابردودا زۆر قسەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردوەو داوامانكردوە نەوت ڕادەستی بەغدا بكرێت، بەڵام ڕەزامەندیان لەسەر ئەو داوایەی ئێمە نەدا".




AM:11:20:05/10/2017