كۆبوونه‌وه‌ى بارزانى و شاندی عێراقی کۆتایی هات

كۆبوونه‌وه‌ى بارزانى و شاندی عێراقی لە سلێمانی كۆتاى هات و ئوسامە نوجەیفی ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕادەگەیەنێت.

 


ئەمڕۆ شەممە، 7ی تشرینی یەکەم مەسعود بارزانی، لەگەڵ ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجەیفی بۆ یەکەمجار لە دوای ئەنجامدانی ڕيفراندۆم کۆبووەوە.

لەپاش کۆبوونەوەکە ئوسامە نوجەیفی لە بارەی ڕيفراندۆمه‌وه‌ راگەیاند "پێویستە چارەسەری عێراقییانە بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، دەتوانین هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێش دڵنیابکەینەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان".

نوجەیفی وتیشی  "نابێت پەنا بۆ سزادان و گەمارۆدان ببردرێت و ئەو ڕێگایە لە چارەسەر دورمان دەخاتەوە".

ئوسامە نوجەیفی جەختیشی کردەوە لەوەی "کێشەکان دەستووری و یاسایین و کەڵەکەبووی زیاتر لە 10 ساڵە و بەبێ چارەسەر ماونەتەوە".


هاوکات ئەیاد عەلاوی بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند، بەردەوامین لە دەستپێشخەرییەکەمان بۆ نزیک کردنەوەى هەرێم و بەغدا  لە هەردوو ئاستى نێو دەوڵەتى و  ناوخۆی عێراق و  کاردەکەین بۆ ئەوەى کێشەکان چارەسەر بکرێن.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان ئومێدیان هەیە و گەشبینن بە چارەسەر کردنى کێشەکان بە بە گفتوگۆ.




PM:03:01:07/10/2017