بەهۆی درێژەكێشانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان یەكێتی و یەكگرتوو پارتی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان – عێراق چەند كاتژمێرێك دواكەوت.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە "سپی میدیا"ی راگەیاند "بەهۆی درێژەكێشانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان – عێراق بۆ چەند كاتژمێرێك دوادەكەوێت".
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد هۆكاری درێژەكێشانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە پیرمام بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیەكی چڕوپڕ لەسەر دواستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم هەیە و تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام.
بەوتەی سەرچاوەكە هەردوو لایەنی یەكگرتوو یەكێتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمیان كردووە بۆ ماوەیەكی درێژ و ئەو سەرچاوەیە ئامادە نەبوو ئەو ماوەیە ئاشكرا بكات كە یەكێتی و یەكگرتوو داوای دەكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم.
ماوەی پێنج كاتژمێرە یەكێتی و یەكگرتوو پارتی لە پیرمام لەكۆبوونەوەدان و تا ئێستاش كۆبوونەوەكەیان درێژەی هەیە و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان - عێراق كۆببێتەوە و بۆ كۆبوونەوەش چاوەڕێی تەواو بوون و ئەنجامی كۆبوونەوەكەی پیرمام دەكەن.