کاتژمێر ٢ ی شەو وادەی هێزە عێراقییەکان بۆ چوونە ناو کەرکوکەوە کۆتایی دێت

ئەمشەو بۆ کەرکوکیەکان و سەرجەم کوردستانییەکان شەوێکی قورس دەبێت، لە کاتژمێر ٢ ی شەوەوە ئەو وادەیە تەواودەبێت کە بەغدا دایناوە بۆ چوونە ناو کەرکوکەوە.

وەک وتەبێژی حەشدی شەعبی، كه‌ریم نوری ئاشکرای کرد، ئەمشەو کاتژمێر ٢ ی پاشنیوەشەو ئەو وادەیەی بەغدا و هێزە عێراقیەکان داینابوو بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات کە هێزە عێراقییەکان دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن، تەواو دەبێت.

وەک ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بۆ کرد "هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ناچنه‌ ناوشاری كه‌ركوكه‌وه‌، به‌ڵكو هێزه‌كانی سوپاو پۆلیسی فیدراڵ ده‌چنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراقه‌وه‌ بۆیان دیاریكراوه‌".

تا ئێستا بەپێی بۆچوونی چاودێران و ئەوەی لەسەر زەوی روودەدات، هەرچی پارتییە خۆی ئامادەکردووە بۆ شەڕ و بەدەیان هەزار پێشمەرگەی هێزە جیاوازەکانی هەشتاو زێرەڤانی براونەتە جێگای هەستیارەکان بەتایبەتی چواردەوری بیرە نەوتەکان.

سەرکردایەتی یەکێتی کە هێزێکی زۆری لەو شارەیەو جەماوەرێکی زۆری شارەکەی لەگەڵدایە، لەبنکەوە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن، بەلآم تا ئێستا بەشێک لە سەرکردایەتییەکەی دەیەوێت بگاتە جۆرە ریککەوتنێک لەگەڵ بەغدا و هێزە عێراقییەکان و لەچەندان کەناڵی راستەوخۆ لەگەڵ عەبادی و لە رێگای ئێران بەتایبەتی قاسمی سلێمانییەوە لە گفتوگۆدایە، بەشەکەی تری سەرکردایەتی ئەو حیزبە هاوڕان لەگەڵ پارتی.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە هەندێک زانیاری ورد هەیە، ئاماژە بۆ هاتنی هێزێکی گەورەی ئەمەریکی دەکەن بۆ نێو شارەکە، بەلآم بەپێی ئەو زانیاریانە کەژاوەی ئەو هێزانە بەیانی لە ئوردونەوە بەشێکی دێت و بەشێکی تریش باس لەوە دەکرێت کە لە قەتەرەوە دەگاتە کەرکوک، بەلآم تا ئێستا هیچ لایەنێکی کوردی یان عێراقی پشتڕاستی ئەو زانیاریانەی نەکردۆتەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەمشەو بەهەموو مانا سیاسیەکان کەرکوک و کوردو پێکهاتەکانی ناو ئەو شارە شەوێکی پڕ دەڵەڕاوکێ دەژین و شەوێکی پڕ لە سیاسەت و ئەگەری شەڕیش دەژی. 

ئە 



PM:08:53:14/10/2017