" مووچە دەدرێت "

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت " دوای ئەوەی چەند رۆژی رابردوو بیرە نەوتەکان بەتایبەتی هاڤانا و بای حەسەن گەراونەتەوە بۆ حکومەتی عیراق کەواتە پێویستە موچە بدرێت".

د. بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە  پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە ناونیشانی " ئایا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێت؟!" نووسیوویەتی " پرسیاری زۆرمان لێدەکرێت لەبارەی هاتنی موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان ، لەم مەسەلەیەدا ئەم راستیانە بوونیان هەیە؛
۱ـ بەپێی یاسای بودجەی ۲٠۱۷ لەکاتی گەرانەوەی داهاتی نەوت بۆ حکومەتی ئیتیحادی دەبێت حکومەت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات ، وە ئێستا لەدوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو بیرە نەوتەکان بەتایبەتی هاڤانا و بای حەسەن گەراونەتەوە بۆ حکومەتی عیراق کەواتە پێویستە موچە بدرێت".

ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بەو کێشەیەی کە رووبەرووی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەبێتەوە، دەڵێت " بەڵام کێشە هەیە لە دوو خاڵی سەرەکی: حکومەتی عیراق ٦۸٠ هەزار و لەحکومەتی هەرێم ژمارەیەکی زۆر زیاترە بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی کە دوای ساڵی ۲٠٠۸ دامەزراون بێموچە دەبن کە پێویستە چارەسەری ئەمە بکرێت لەرێگەی سیستەمی بایۆمەتری و لیژنەی پرۆفیشناڵی تایبەتمەند. هەروەها کێشەی سیاسی و ئیداری بەوەی کەئایا گفتوگۆ لەنێوان هەردوو لا دەستپێدەکاتەوە ؟ ئەگەر ئەمە دەکرێت ئایا کەی و چۆن و لەسەر چ بنەمایەک بەرێوە دەچێت".

شاوەیس دەشڵێت " ئەوەی لەسەر موچە بڵاوکراوەتەوە تەنها لێدوانی ئەندامێکی دەوڵەتی یاسایەو تەنانەت لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە فەرمی باسی ئەم بابەتە نەکراوە و زیاتر ناوەندەکانی ڕاگەیاندن دەیوروژێنن".




PM:10:26:22/10/2017