موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شده‌كرێت
به‌ڕێوه‌به‌رێكی په‌روه‌رده سه‌باره‌ت به‌موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران زانیاریه‌كی گرنگ ئاشكراده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ستمانكه‌وتوه، هه‌فته‌ی داهاتوو موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم دابه‌شده‌كرێت و ڕۆژی دوشه‌ممه‌ش موچه‌ی مامۆستایان ده‌درێت".
مامۆستا به‌كر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوا له‌سلێمانی له‌لێدوانێكدا بۆ تۆری سلیمانی ڕاگه‌یاند، "به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌دواداچونانه‌ی كردومانه ئه‌و زانیاریانه‌شی وه‌رمانگرتوه، بڕیاروایه دوشه‌ممه‌ی داهاتوو موچه‌ی مانگی ئابی مامۆستایان دابه‌شبكرێت، هاوكات بڕیاریشه هه‌فته‌ی داهاتوو موچه‌ی ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌شبكرێت".
وتیشی:"ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی له‌ئێستادا له‌هه‌رێم بونی هه‌یه، پێشبینیده‌كرێت چاره‌سه‌ربكرێت و چیتر درێژه نه‌كێشێت".
سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆی ڕاگرتنی كرێی وانه‌بێژیی بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ی به‌شێوه‌ی وانه‌بێژی له‌خوێندنگه‌كاندا خزمه‌تده‌كه‌ن, مامۆستا به‌كر جه‌ختیكرده‌وه، "كرێی وانه‌بێژی مامۆستایان له‌پێشتردا كه به‌مامۆستایان دراوه له‌كاتی خۆیدا خه‌رجنه‌كراوه، بۆیه مامۆستایانی وانه‌بێژ دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه كه مافه‌كانیان نافه‌وتێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كرێی وانه‌بێژی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ بۆ مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ئێستادا خه‌رجناكرێت و له‌ماوه‌ی ڕابردوشدا هه‌مان میكانیزم په‌یڕه‌وكراوه، "به‌ڵام هه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك بگاته ده‌ست په‌روه‌رده‌كان ڕاسته‌وخۆ بۆیان خه‌رجده‌كرێت".
AM:10:51:02/11/2017