شەپۆلێكی باران بارین هەرێم دەگرێتەوە

كەشناسی هەرێم پێشبینیەكانی بۆ كەشو هەوای ئەمڕۆ و سبەی ڕاگەیاند دەڵێت "ئەمڕۆ ئەگەری نمە باران بارین لە ناوچە جیاوازەكاندا هەیە و سبەینێش شەپۆلێكی باران بارین هەرێم دەگرێتەوە".

لە ڕاگەیەندراوێكدا كەشناسی هەرێم ئەوەی خستۆتەڕوو بەهۆی كاریگەری لاوازبوونی نزمە پاڵە پەستۆی دەریای سوورەوە، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و ئەگەری نمە باران تەنها لە ناوچە شاخاویەكاندا هەیە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە لە شارەكانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركوك)دا پلەكانی گەرما لەنێوان ١٥ بۆ ٣٠ پلەی سەدیدا دەبێت و خێرای با لە نێوان (٥-١٥ كم) دەبێت لە كاتژمێرێكدا.

هەر بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی هەرێم سبەینێ ٨ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور بەردەوام دەبێت و ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە زۆربەی كاتەكان لەگەڵ بارینی باران لە كاتی جیا جیادا، هەروەها ئاست و ڕێژەی بارینی باران لە ناوچە شاخاویەكاندا زیاتر دەبێت.

هاوكات پێشبینی دەكرێت سبەینێ پلەكانی گەرما دابەزێت و خێرایی با لە نێوان (٥-١٥كم) بێت لە كاتژمێرێكدا.




PM:12:47:07/11/2017