سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناحیەی رومانە كە دەكەوێتە سەر سنووری عێراق و سوریا لە باكوری قەزای قائیم دەستپێكرد.
ئەمڕۆ چوار شەممە قوتری عوبێد سەركردەی حەشدی شەعبی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پرۆسەی ئازادكردنی ناحیەی رومانە كە دەكەوێتە سەر سنووری عێراق و سوریا لە دەستی چەكدارانی داعش بە بەشداری سوپا و حەشدی شەعبی و هێزە عەشایەرەكان بەڕێوەدەچێت".
ڕۆژی 3ی ئەم مانگە لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە یەكەكانی فیرقەی حەوت و ئۆپراسیۆنەكانی دیجلە و هێزەكانی دژە تیرۆر و حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری بەشداریان تێدا كرد، قەزای قائیم كۆنترۆڵكرایەوە كە زیاتر لە ٣ ساڵە بە دەست چەكدارانی داعشەوە بوو.