مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت ئەگەرچی لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی هەندێك بەربەست هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام "داهاتووی گەلی كوردی مسۆگەر كردووە".
بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویكی ئەمریكی رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی كەركووك بە سەركردایەتیی ئێران، بە ئاگاداری بەرپرسانی بەریتانیا و ئەمریكا بووە و دەڵێت "بڕیارەكانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە دەدرێن".
بارزانی ئاماژەی بەوە داوە كە تاوەكو دەرفەتێك هەبێت كورد هەوڵدەدات رێگە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ سوپای عێراق بگرێت، جەختیی لەوەش كردووەتەوە هیچ هەوڵێك ناتوانێت ناسنامەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت.
راشیگەیاندووە، ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن رێگە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان هەولێر و بەغدا بگرن، ئەگەر هەر شەڕێكیش رووبدات، دیارە لەلایەن ئەوانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە.
بارزانی ئاماژەی بۆ بڕیاری ڕاپرسیش كردووە و ڕایگەیاندووە ئەو بڕیارە هی ئێستا نەبووە و لە نێوەڕاستی 2014 بە دەستەجەمعی لەلایەن سەرجەم پارتە سیاسییەكانی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانەوە دراوە و وتویەتی "هۆكاری ئەنجامنەدانی پرۆسەكە لەو كاتەدا شەڕی داعش بوو، تاكە هەڵەی كوردیش ئەوە بوو ڕاپرسییەكە لەكاتێكی زووتردا ئەنجامنەدرا".
هەروەها دەڵێت "من بڕوام وایە ئەم ڕاپرسییە داهاتووی گەلی كوردی مسۆگەر كردووە، ئەوە راستە كە هەندێك بەربەست لەدوای ڕاپرسییەكە هاتنەپێش، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە مافی چارەی خۆنووسینی كورد لەدەستدراوە".
ئەو وتانەی بارزانی لەكاتێكدایە كە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم باشووری كوردستان 51%ی خاكی كوردستانی لەدەستدا و بەشێكی زۆری بیرە نەوتەكانیش كەوتنەوە ژێر دەیستی حكومەتی عێراق.