بانكی ناوەندی عێراق داوایەك ئاڕاستەی بانكە عێراقیەكان دەكات كە لقیان لە هەرێم هەیە

بانكی ناوەندی عێراق داوا لە تەواوی بانكەكانی عێراق دەكات لقەكانیان لە هەرێمی كوردستان لەمڕۆوە بۆ كاتێكی نادیار هەڵپەسێرن.

لە نوسراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە بانكی ناوەندی ئاماژەی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە كە لە ١٢/ ١٠ / ٢٠١٧ دەرچووە و فرۆشتنی دراوی بیانی بەو بانكانە قەدەغەدەكات، كە لەهەرێمی كوردستان لقیان هەیە.

هاوكات بانكی ناوەندی داوای لە بانكەكان كردووە، ئەگەر دەیانەوێت لە پڕۆسەی كڕینی دراوی بیانی بەردەوامبن، ئەوا پێوستیە لە ڕێوشوێنی هەڵپەساردنی لقەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئاگاداریان بكەنەوە.

بە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەش بەشێك لە پرۆژەكان ناچار بە وەستان دەكات بەتایبەت ئەو كۆمپانیایانەی مامەڵەیان لەگەڵ ئەو بانكانەدا هەیە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دیناری عێراقی لە بازارەكانی هەرێمدا

بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بە مامەڵەنەكردن لەگەڵ ئەو بانكانەی لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە، لەدوای ڕیفراندۆم و لەچوارچێوەی ئەو كاردانەوانەدا دێت كە حكومەتی عێراق دژی هەرێم و لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیە گرتونیەتەبەر.




PM:01:28:08/11/2017