پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان کۆتاییهات و پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.


کۆبوونەوەکە جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەوەی "شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە مەبەستی دانوستان دەچێتە بەغدا، پاكێجێكی یاسایی و دارایی ورد ئامادەبكات و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی نوێنەری خۆی بۆ ئەو ئامادەكارییە لە خەڵكانی پسپۆر و شارەزا دیاریكردووە و هەماهەنگی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، دەبێت هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ دانووستانی بەپەلە بەتایبەت قوتی خەڵكی كوردستان دەكەوێتە بەر مەترسی جددی".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ناوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی بایۆمەتری بۆ دانوستانەكانی نێوان هەردوولا كاری پێبكرێت و رێژەی (17%) شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراوبێت".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

رۆژی چوارشەممە كاتژمێر 11ی پێش نیوەرۆ كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان ئەنجامدرا، دوای ئەوەی كە وەرزی تەشریعی لە رۆژی 2017/116، راگەیەندرا بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی كاری ئایندەی پەرلەمان و دانیشتنەكان پەرلەمان و ئەو یاسا و بڕیارانەی كە پێویستن پەرلەمانی كوردستان پەسندیان بكات بە تایبەت ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە دۆخی خەڵك و هەرێمی كوردستان و رۆڵی دامەزراوە دەستووریەكانی هەرێم.

لەو بارەیەوە كۆبوونەوەكە گەیشتەئەم بڕیارانەی خوارەوە:

1-       لە پێناو چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و نەهێشتنی كۆسپەكان و هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی، بە گرنگ دەزانین كە دەست بەری یەكرێزی و یەك گوتاری بكات لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كە لەم قۆناغەدا میللەتەكەمان پێیدا تێپەر دەبێت، داوا دەكەین پەلە بكرێت بۆ ئەم مەبەستە.

2-       پەرلەمان و حكومەت هاوكار و هەماهەنگی تەواوی یەكتربن و هەروەها جەخت كرایەوە بە چالاكردنی لیژنەكانی پەرلەمان و كاری چاودێری و بەدواداچوون و هەر رێكارێكی یاسایی كە پێویست بێت بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكان و هەرچی زیاتر خزمەتكردنی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان.

3-       پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە دامەزراوە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئامادەییان پیشان داوە بۆ دانوستان و چارەسەری ریشەیی كێشەكان بۆ ئەم مەبەستە هەرچی زووە وادەی دانوستان دیاری بكرێت و لەم نێوەندەشدا داوا لە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەكەین هاوكاری جددی بن چونكە مانەوەی دۆخەكە بەم جۆرە هۆكار دەبێت بۆ تێكچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان بۆ تەئكیدكردنەوە هیچ جۆرە پێشێلكارییەكی دەستووری لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە رووی نەداوە، بە پێچەوانەوە لەسەرجەم راگەیاندراو ولێدوانە فەرمییەكاندا پابەندبوون بە یاسا و ماددە دەستوورییەكانی عێراق بە روونی ئاماژەی پێكراوە و دووپات كراوەتەوە.

4-       جەخت دەكەینەوە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە مەبەستی دانوستان دەچێتە بەغدا، پاكێجێكی یاسایی و دارایی ورد ئامادەبكات و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی نوێنەری خۆی بۆ ئەو ئامادەكارییە لە خەڵكانی پسپۆر و شارەزا دیاریكردووە و هەماهەنگی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، دەبێت هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ دانووستانی بەپەلە بەتایبەت قوتی خەڵكی كوردستان دەكەوێتە بەر مەترسی جددی و داوا دەكەین كە ناوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی بایۆمەتری بۆ دانوستانەكانی نێوان هەردوولا كاری پێبكرێت و رێژەی (17%) شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراوبێت.

5-       بۆ وەرزی تەشریعی نوێ، بریاردرا هەموو ئەو یاسا و پڕۆژانەی  كە گرنگن و پێویستی هەنوكەیی ئەم قۆناغەن بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بەرەچاوكردنی ئەو یاسایانەی كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە و مەبدەئی توافق كاری پێبكرێت.

6-       كۆبوونەوە بڕیاری دا لە پێناوی بەدواداچوونی مەیدانی و ئامادەكردنی راپۆڕتێكی گشتگیر لەسەر كۆی ئەو رووداوانەی كە بەسەر ناوچە جێناكۆكەكاندا هاتووە لیژنەیەكی بەدواداچوون لە هەرچوار لیژنەكانی (ناوچە كوردستانیەكان دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێشمەرگە و ناوخۆ و مافی مرۆڤ)، پێكبهێندرێت بۆ ئامادەكردنی راپۆڕتێكی مەیدانی بۆ پەرلەمانی كوردستان.
7-       بریاردرا بە پەلە دانیشتنێكی هاوبەشی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت بۆ گەڵاڵە كردنی بۆچوونی هاوبەشی هەردوولا.

8-       پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە لەسەرجەم رێكارەكانی دانوستان و دەرئەنجامەكانی پێویستە ئاگاداربێت و راوێژی بەردەوام لە نێوان حكومەت و پەرلەمان دەستەبەربكرێت.



PM:04:54:08/11/2017