وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند "96 هه‌زار ناوی له‌یه‌كچوو، لەنێو لیستی ناوەکانی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا".
شێروان زرار، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان، له لێدوانێكدا به‌ماڵپەڕی باسنیوزی ڕاگه‌یاند " له تۆماری ده‌نگده‌راندا ناوێكی زۆری مردوو و له‌یه‌كچوو و دووباره هه‌یه، به‌جۆرێك له هه‌رێمی كوردستاندا (96) هه‌زار كه‌س ناویان وه‌ك یه‌كه، بۆیه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه، لیژنه‌یه‌ك له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌كان پێكهێندراوه".
وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی، ئەوەی خستەروو كه بڕیاره دوای ئه‌نجامدانی كاری پێویست، له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا كاری پاككردنه‌وه‌ی لیستی ناوی ده‌نگده‌ران، جێبه‌جێ بكرێت.
ناوبراو دەشڵێت "به‌و هه‌نگاوه ده‌بینه خاوه‌ن تۆمارێكی پاكی ده‌نگده‌ران و دوای دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن به پشتبه‌ستن به‌و تۆماره و بودجه و پێداویستیه‌كانی دیكه‌وه، ده‌ست به ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ین".