ئاشتی هەورامی بانگهێشتی لێپرسینەوە دەکرێت

ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەکان واژۆیان کۆکردۆتەوە و یاداشتێك بەمەبەستی لێپرسینەوە لە ئاشتی هەورامی لە پەرلەمانەوە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.


یاداشتەكە 23 پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاجیاكان واژۆیان کردووە و ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە و تیایدا هاتووە "ئێمەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، كەلە خوارەوە واژۆمان كردوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مادەی (٦۹) و (۷٠) بۆ پرساندن داوای ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم دەكەین بۆ پەرلەمان بەمەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەو چەندین پرسی ناڕوونی تر، سەبارەت بە پرۆسەكانی نەوت و داهات و چارەنووسی گرێبەستەكانی نەوت".

لە یاداشتەکەدا چەند خاڵێک خراونەتەڕو کە بریتین لە:

۱_ ئەو گوژمە پارانەی پێشوەخت وەرگیراوە لە بری فرۆشتنی نەوت چەندە؟ چیلێكراوە؟ (۲٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمی رۆژانەی ئیستای هەرێمی كوردستانە، ئایا قەرزی توركیای پێ دەدرێتەوە؟ یا كۆمپانیاكانی نەوت یا دەدرێتە عێراق؟ بۆچی وەزارەت زانیاریە داراییەكان بەگشتی و داهاتی فرۆشتنی نەوت ئاراستەی پەرلەمان نەكردوە؟

۲_ هۆكاری چییە دوو مانگە وەزیری سامانە سروشتیەكان، كوردستانی بەجێهێشتووە.

پێشتر وتەبێژی حكومەتی هەرێم و ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، رایانگەیاند ئاشتی هەورامی بەهۆی چەند كارێكی تایبەت بە وەزارەتەكەی لە دەرەوەی هەرێمەو دوای تەواوبوونی ئەو كارانە، دەگەڕێتەوە.



PM:07:53:27/11/2017