موچەی هێزەكانی ئاسایش كەمدەكرێتەوە
لیژنەی ئاسایشو ناوخۆی پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەگەڵ وەزارەتەكانی داراییو ناوخۆ ساز دەكات لەئەگەری كەمكردنەوەی موچەی هێزەكانی ئاسایش.
سەبارەت بە ئەگەری كەمكردنەوەی موچەی هێزەكانی ئاسایشو پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتی موچەی هێزەكانی پاسەوانی سنورو هێزەكانی ئاسایش، ئەیوب عەبدوڵڵا سەرۆكی ئاسایش و ناوخۆو ئەنجومەنە خۆجییەكان لەپەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕِاگەیانوە "لەئێستادا لیژنەكەمان كاراكراوەتەوەو دانیشتنەكانی دەستپێكردۆتەوە، بڕیاریشە یەكێك لەو بەدواداچونانەی ئەنجامیبدەین گرفتی موچەی پۆلیسی پاسەوانیە كە پاشەكەوتێكی زۆر لەسەر موچەكانیان دەكرێت".
وتیشی:"بۆ بەدواداچونی ئەو گرفتە بڕیارە كۆبونەوەی بەپەلە لەگەڵ هەریەكە لەوەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی داراییدا ئەنجامدەدەین، تاوەكو بتوانرێت میكانیزمێك بۆ گرفتی ئەو كارمەندانە بدۆزرێتەوە".
ئەوەشی نەشاردەوە، كە لەماوەی ڕابردودا چەندینجار بەدواداچونیان كردوە، بەڵام وەڵامی داواكارییەكانیان نەدراوەتەوە، "جگەلەوەش هیچ هەماهەنگیەك لەنێوان حكومەت و پەرلەماندا نەماوە، بۆیە ئێمە لەهەوڵی دروستكردنەوەی ئەو هەماهەنگیەداین".
سەبارەت بەموچەی هێزەكانی ئاسایشیش وتی:"دەمانەوێت ئەگەر حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی لەسەر موچەی ئاسایش كرد، ئەوا بەئەندازەیەكی زۆر موچەی ئەو هێزەش كەمنەكرێتەوە".
PM:09:15:28/11/2017