"سپی" هۆكاری هاتنی هێزە ئەمریكیەكە بۆ كەركوك ئاشكرادەكات

هێزێكی زۆری ئەمریكی لە سەربازگەی كەیوەن لە كەركوك جێگیربوون و "سپی"یش هۆكاری هاتنی ئەو هێزە ئاشكرادەكات.

سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "هۆكاری هاتنی ئەو هێزە ئەمریكیە بۆ سەربازگەی كەیوەن لە كەركوك ئەوەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا لە عێراق ئەنجامداوە و پێیان ڕاگەیاندوون دۆخی كەركوك لەڕووی ئەمنیەوە ناجێگیرە و لەڕووی ئیداریشەوە مامەڵەیەكی خراپ لەلایەن پارێزگارەوە بەرامبەر بەكورد دەكرێت".

سەرچاوەكەی یەكێتی وتیشی "سەركردە بەشداربووەكانی یەكێتی لە كۆبوونەوەكەدا بە ئەمریكیەكانیان ڕاگەیاندووە ئەگەر دۆخی كەركوك بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ و زیادبوونی كردەوە تیرۆرستیەكان هەیە و ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت كەركوك جێدەهێڵین".

هەر بە وتەی سەرچاوەكە ئەمریكیەكان ڕازیبوون بەهێنانی هێزی سەربازی بۆ كەركوك و "پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بە بەشداری پێشمەرگە و ئاسایشی كورد و سوپای عێراقی و هێزێكی ئەمریكی بۆ پاراستنی شاری كەركوك"، بەو پێیەش پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك و دۆخی كەركوك بۆ پێش هاتنی داعش دەگەڕێتەوە كە بە هاوبەشی لەنێوان كورد و هێزە عێراقیەكان بە بوونی ئەمریكیەكان بەڕێوە دەبرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی دووەم هێزێكی سەربازی ئەمریكی و 40 هەمەری سەربازی هێنرانە كەركوك و بەگوێرەی زانیاریەكان كەلوپەلی زیاتری سەربازیان بۆ رەوانە دەكرێت.

سەرەڕای هاتنی ئەو هێزەش تا ئێستا لەلایەن ئەمریكیەكان و كوردەوە پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ پارێزگاری ئەمنیەتی كەركوك پشت ڕاست نەكراوەتەوە.






PM:02:50:29/11/2017