كەشناسی هەرێم شەپۆلێكی بەفر و باران بارین ڕادەگەیەنێت

كەشناسی هەرێم پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەفر و باران بارین دەكات لەم هەفتەیەدا و مەودای بینینیش كەم دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردۆتەوە ڕۆژی چوارشەممە 6ی كانوونی یەكەم نزمە پاڵەپەستۆی توركیا ڕوو لە هەرێم دەكات و ئاسمان بەشێوەی هەوری تەواو دەبێت و باران بەشێوەی جیا دەبارێت و پلەكانی گەرما چەند پلەیەك نزم دەبێتەوە و خێرایی با بۆ سەروی 25كم لە كاتژمێرێكدا بەرز دەبێتەوە.

كەشناسی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە ڕۆژی پێنجشەمە بارستە هەوایەكی سارد یاوەری ئەم شەپۆلە باران بارینە دەكات و لەگەڵ باران بەفریش لە ناوچە شاخاویەكان دەبارێت و دوای زیادبوونی ئەم بارستە هەوا ساردە پێشبینی بەفر بارین لە سەنتەری شارەكانی دهۆك و سلێمانیش دەكرێت و پلەكانی گەرما لە ناوچە شاخاویەكان نزم دەبێتەوە بۆ ژێر سفری سەدی و لە ناوچەكانی تر دەبێتە سفری سەدی.

هاوكات ڕاشیگەیاندووە "لەماوەی هاتنی ئەم شەپۆلە ڕێژەی بەفر و باران بارین لە ناوچەكانی هەولێر و سلێمانی زیاتر دەبێت و مەودای بنینیش كەم دەبێتەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە دەزگای كەشناسی عێراقی دوێنێ یەكشەممە ٣ ی كانونی یەكەم لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە " بەپێ پێشبینیەكان لەرۆژی چوارشەممە 6 ی كانونی یەكەم شەپۆلێكی سەرماوسۆڵە كە‌ بەفرو بارانی لەگەڵە پارێزگاكانی باكوری(هەرێمی كوردستان) وڵات دەگرێتەوە"‌ 

كەشناسی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات " لەدوای ئەو شەپۆلە سەرمایەدا كە لەرۆژی چوارشەممە پارێزگاكانی باكور دەگرێتەوە ، بۆ رۆژێك دواتر شەپۆلەكە پارێزگاكانی ناوەڕاستیش دەگرێتەوەو دواتریش دەگاتە باشوور" .



AM:10:30:04/12/2017