كچێكی 18 ساڵ كوژرا و بە وتەی كەسوكارەكەی تەقەی لەخۆی كردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی كانونی یەكەمی 2017 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لەهەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، "كاتژمێر هەشتی بەیانی دوای ئاگاداركردنەوەی هەواڵی كوشتنی كچێكی تەمەن 18 ساڵ كە كچی ماڵەوە بووە، دوای گەیشتنی هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیس ماكۆك بەشوێنی ڕوداوەكە دەركەوت كچێكی تەمەن 18 ساڵان 3 فیشەك بەسەر جەستەیەوە دیارە لە ژورێكی ماڵەكەی خۆیاندا كە چەكی جۆری كڵاشینكۆف بەكارهاتووە.
پۆلیسسی ڕاپەرین دەڵێت "بە وتەی كەس و كاری كچەكە خۆی تەقەی لەخۆی كردووە و دوای گەیاندنی بە نەخوشخانەی گشتی ڕانیە بەهوی سەختی برینەكەی گیانی لەدەست داوە".
دەشڵێت، دواتر تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری رانیە كرا بەمەبەستی ئەنجامدانی توێكاری پزیشكی و دیاری كردنی هۆكاری ڕاستەقینەی ڕوداوەكە كە ئایا ئەو ڕووداوە تاوانكارییە یان خۆكوژییە.
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پەڕاوی لیكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە لیكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە .
بە پێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٨ ئافرەت كوژراون و ٥٨ ئافرەتیش خۆیان كوشتووە، ١٦٦ ئافرەت سوتاون و ٨٥ ئافرەتیش خۆیان سوتاندووە.
بەپێی ئامارەكە لەو ماوەیەدا ١٠١ ئافرەت دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر و حەوت هەزار و ٢٢ ئافرەتیش سكاڵایان تۆماركردووە.