نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، جەخت لە یەكپارچەیی عێراق و پابەندبوون بە دەستورەوە دەكەنەوە و دەشڵێت " تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەكی تەكنیكی و سیاسیمان لەگەڵ بەغدادا نییە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند "تاوەكو ئێستا لەلایەن فەرەنسا ئاگادارنەكراوینەتەوە، لەم یەك دوو رۆژە لە هەنگاوەكانی داهاتوو ئاگاداردەكرێینەوە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەكی تەكنیكی و سیاسیمان لەگەڵ بەغدادا نییە، وتیشی "جەخت لە یەكپارچەیی عێراق و پابەندبوون بە دەستورەوە دەكەینەوە".
ڕاشیگەیاند، لەگەڵ پەرلەمان و لایەنەكانی هەرێم گفتوگۆی دەستپێشخەرییەكەی فەرەنسا دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغداد، وتیشی "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی كرد و سوێندی یاسایی خوارد، لە وادەیەكی نزیكدا ڕۆژی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دیاری دەكەین".
ئاماژەی بەوەش كرد، بە داخەوە نەتەوە یەكگرتووەكان كەمتەرخەمە لە گرنگیدان بە ڕووداوەكانی دوزخورماتوو ڕاشیگەیاند "ئەگەر بمانتوانیایە نەوتمان بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرد".
ناوبراو ڕاشیگەیاند پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیادا بەردەوامە و نەپچڕاوە، لەگەڵ ئێرانیشدا هەر بەردەوامە و پێمان وایە هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ داخستنی سنورەكان.
هەروەها سوپاسی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراقی كرد بۆ ڕەتكردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨، وتیشی "پێشوازی لە میكانیزمی نێوان هەرێم و بەغداد و هاوپەیمانان دەكەین بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان".