لە سلێمانی لەبەر نەبوونی مەرجیی سەلامەتی بازاڕێکی گەورە کە ١٥٠ دوکانە داخرا.
ئاوات عەلی سەرۆكی لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەكان و نوێنەری بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە لیژنە هاوبەشەكان لەڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست سپی کەوتووە، تیایدا هاتووە" بەمەبەستی رێكخستنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتیەكان و لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان، لیژنەكە بەدواداچونی بۆ باڵەخانەی شوان، تایبەت بە بازاڕی كوتاڵ و قوماشی پەردە كردووە.و لەو سكاڵایەی ئاراستەی قائیمقامیەت كراوە هاتووە، بەهۆی زیادەرۆیی و بەكارهێنانی بەردەم دوكانەكان بەدانانی بڕێكی زۆر كوتاڵ و قوماش هەروەها بەكارهێنانی قاتی سەروتری بیناكە وك كۆگا، مەترسی كەوتنەوەی ئاگر یان روداوێكی نەخوازراوی بۆسەر باڵەخانە و دوكانەكان دروست كردووە، لە كاتێكدا باڵەخانەكە خۆی هیچ مەرجێكی سەلامەتی تێدا نییە".
سەرۆكی لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەكان لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی" باڵەخانەكە لە 150 دوكان پێك هاتووە و سەرجەمیان ئاگاداركراونەتەوە بە لابردن و چۆڵكردنی بەردەم دوكانەكانیان لەماوەی سێ رۆژدا، هەروەها پسوڵەی سەرپێچی بۆ خاوەنی بیناكە كراوە و ماوەی 15 رۆژ مۆڵەتی پێدراوە بۆ جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكانی سەلامەتی لە باڵەخانەكاندا بە پێچەوانەوە رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە".
ئاوات عەلی وتیشی "جێبەجێكردنی مەرجەكانی سەلامەتی باڵەخانەكان كەخۆی لە دانانی سیستمی ئەلەرمی مەركەزی و كامێرای چاودێری و ئاگر كوژێنەرەوەی پاودەر هەروەها دانانی سیستمی كارەبایی بەشێوازی سەردەمیانەدا خۆی دەبینێتەوە ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و باڵەخانەكاندایە".