ئەمریکا داوای گفتوگۆی هەرێم و بەغدا دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هانی حکومەتی عێراق دەدەن دەستور جێبەجێ بکات و داواشیکرد بەزوویی لەگەڵ هەرێمدا گفتوگۆ بکەن.


هێزەر ناورت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هانی حکومەتی عێراق دەدەین بۆ جێبەجێکردنی دەستوری وڵات. بە دڵنیاییەوە چاوەڕوانیمان وایە و هیواخوازیان کاتێک وڵاتێک دەستورێکی نوێ دادەڕێژێت جێبەجێشی بکات".

ڕاشیگەیاند: لەڕووی دیالۆگەوە، گفتوگۆی زۆر لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین و بەردەوام دەبین، و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەردوولادا هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام هانی بەغداد و هەولێر دەدەن بۆ ئەوەی دابنیشن و دیالۆگێکی باشیان هەبێت. هەرێم و بەغداد گفتوگۆی سەربازییان کردووە و هیوادارن لەڕووی حکومیشەوە و ڕووبەڕوو بەزوویی گفتوگۆ بکەن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: شانبەشانی کورد دەوەستین و پشتگیرییان دەکەین لە جێبەجێکردنی دەستوری عێراقدا بە تەواوی.




AM:08:59:14/12/2017