ماوەی ٥ مانگە ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆران مووچەکانیان وەرنەگرتووە

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "چوار فەرمانگە فیدڕاڵییەكەی جنسیە و پاسپۆرت و مانەوەو كارتی زانیاری لەهەرێمی كوردستان بەهۆی سیاسەتی چەوتی ئیداری و مالییەكانی حكومەتی هەرێم و بێدەنگیی بەغداوە نزیكەی پێنج موچەیان سەرفنەكراوە".

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "بە گوێرەی دەستوری عێراق، كاروباری جنسیە و فەمانگەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە سەر بە حكومەتیی فیدڕاڵن، حكومەتی هەرێم بە پێچەوانەی دەستوری ئەو فەرمانگانەی لەڕووی ئیدارییەوە وابەستەكردون بەخۆیەوە، لەڕووی دارایی و موچەشەوە سەر بە بەغدان، بەهۆی زیادەی میلاكات و دامەزراندنی نایاساییەوە وایكردووە ئەو پارەیەی لەبەغداوە دێت بەشیی ئەو فەرمانگانە نەكات و ئەوەشیی دێت وەك پێویست دابەشی ناكات".

نابراو لە درێژەی قسەکانیدا رونیشیكردۆتەوە "لەهەولێر بەڕێوەبەرایەتی جنسیە هەیە لەڕووی دەستورییەوە لەدەوڵەتێكی فیدڕاڵ دەبێت یەك بەڕێوەبەرایەتیی جنسیە هەبێت، بەغداش داوایكردووە هەولێر ببێته یاریدەدەرێت، كەچی پەسەندیان نەكردووەو ناویان لەخۆیان ناوە بەڕێوەبەرایەتی".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "حكومەتی هەرێم ئەگەر لەڕووی ئیدارییەوە بەزۆر دەستیوەرنەدایەتە كاروباری ئەو فەرمانگانە، نە كارمەندەكانی بێ موچە دەبوون و نە خەڵكیش كێشەی ڤیزا و ئیقامەی بۆ دروست دەبوو، لەكاتێكدا هەرێم دەزانێت ئەو فەرمانگانە ئیتیحادین و موچەیان لەبەغداوە دێت، بەس بۆ خراپ بەكارهێنانیی سیاسی لەڕووی كارگێڕیەوە خستونیەتە سەر خۆی و هەموو بنەما كارگێڕییەكانی ئەو فەرمانگانەی بەراورد بە ئەوانەی ناوەڕاست و خواروی عێراق تێكداوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕوو "لەو ڕوانگەیەوە ڕەخنەی زۆرم ئاڕاستەی عەبادی و وەزیری ناوخۆی عێراق كردووە كە بێدەنگن لەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئەو چوار فەرمانگەیەی پارێزگاكانی هەرێم دەكرێت و موچەیان سەرفناكرێت یاخود دان بە كارەكانیان نانرێت، بەهۆی دەستوەردانی حكومەتی هەرێم و دەستەوەستانن لەچارەسەری بنەڕەتی كێشەكانیی ئەو فەرمانگانە".




PM:12:08:15/12/2017