وەفدێک لە بەغداوە گەیشتە هەولێر

وه‌فدێكی حكومه‌تی به‌غدا گه‌یشتوه‌ته‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و تەوەرێکی کۆبوونەوەکانیشیان تاوتوێكردنی دۆسیه‌ی ئاواره‌كان دەبێت.


سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز له‌زاری به‌رپرسێك كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی كانونی یه‌كه‌می 2017، وه‌فدێكی حكومه‌تی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌هدی عه‌لاق، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق گه‌یشتوه‌ته‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.

له‌نێو وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقیش هه‌یه‌ و مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌یان تاوتوێكردنی دۆسیه‌ی ئاواره‌ عیراقییه‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستانه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی سۆمه‌رییه‌ نیوز ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ وه‌فده‌ حكومییه‌كه‌ی عیراق باس له‌ پێداویستیی ئاواره‌كان بۆ دابینكردنی چادر و خێمه‌ میكانیزمی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش پاش دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆیان.

له‌ حوزه‌یرانی 2014 و دوای داگیركردنی چه‌ندین ناوچه‌ی به‌رفراوان له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه‌، سه‌دان هه‌زار عیراقی ئاواره‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون.



PM:04:17:25/12/2017