عەبادی موچەی دوو مانگی پەروەردە و تەندروستی دەنێرێت

پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت عەبادی لە ژێر گوشاردا لەوانەیە موچەی دوو مانگی ئەو پەروەردە و تەندروستی بدات، بەڵام پرۆسەی وردبینییەكە كاتی زۆری دەوێت.


ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: هەندێك فشار لەسەر حكومەتی حەیدەر عەبادی هەیە، دەیەوێت ئەو فشارانە هەڵبوەشێنێتەوەو بەشێوەیەك لەشێوەكان موچەیەك یان دوو موچە بدات بەفەرمانبەرانی هەرێم، بۆئەوەی زیاتر مەرجەكانی خۆی جێبەجێبكات، چونكە ئەگەر موچەیەكی وەزارەتی تەندروستی پەروەردە رەوانە بكات، هەموو وەزارەتەكانی دیكەی هەرێم داوا دەكەن بگەڕێنەوە بۆسەر بەغدا.

وتیشی "قەناعەتم وایە عەبادی موچە دەدات، بەڵام نازانین چۆن دەبێت، چونكە تائێستا روون نییە، ئەوەی هەیە ئامادەكردنی لیستی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستییە، كە دوو وەزارەتی هەستیارن".

سەبارەت بەشێوازی وردبینییەكە، ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت "هیچ زانیارییەكمان نییە لەبارەی شێوازی وردبینییەكە، بەڵام كاتی زۆری پێویست دەبێت".



AM:10:54:05/01/2018