نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند، ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی داتاكانی نەوت بە بەغداد و وتیشی "ئەگەر بەغدا جدی بێت لە ناردنی موچە ئاسانكاری بۆ دەكەین".
نێچیرڤان بارزانی لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی ووردبینی هەناردەی نەوتی هەرێم كە لە لایەن كۆمپانیای دیلۆتەوە كراوە تەواوبووە و بە ووردی سەرجەم داتاكانی تیادایە و دەینێرینە پەرلەمان و تاوتوێی دەكەین و دواتریش ڕاپۆرتەكە بۆ خەڵكی كوردستان بڵاو دەكەینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر حكومەتی عێراق یان پەرلەمانی عێراق بیەوێت ووردبینی زانیارییەكانی هەناردەی نەوتی هەرێم بكەن ئێمە هاوكاریان دەبین و ئامادەین ڕاپۆرتی كۆمپانیای تایبەتمەند لەو بارەوە بدەینە عێراق، وتیشی "هەنگاوێكی زۆر گرنگمان لە بواری شەفافییەتی كەرتی نەوتدا بڕیوە".
سەرۆكی حكومەت ئەوەشی سەبارەت بە دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی وتی "ئەگەر بەغدا جدی بێت ئێمە ئامادەین هەموو ئاسانكارییەك لەو بارەیەوە بكەین و هیوادارین موچەی ئەم وەزارەتانە و وەزارەتەكانی تریش لە بەغدادەوە بێت".
ئەوەشی وت ، پارەی جوتیارانی هەرێم تا ئێستا نەگەییشتووەتە هەرێم هەرچەندە بەغداد ئاماژەی بەوە كردووە كە پارەكەی ناردووە
ئەمەش لە كاتێكدایە لەماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم بۆ ووردبینی و دروستكردنی شەفافیەت لە بواری نەوتدا گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆتی نێودەوڵەتی بۆ ووردبینی داتاكانی و نەوت كرد.