سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كانى دوێنێى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق لەبارەی هەرێمەوە، سه‌فین دزه‌یى، وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى عه‌بادى دایەوە.
سەفین دزه‌یى لەڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگه‌یاند، لێدوانه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كه ئیتر بوونه‌ته مۆده‌یه‌كى هه‌فتانه و به‌رده‌وام هه‌مان شت دووباره ده‌كاته‌وه، نامانگه‌یه‌نێته هیچ ئه‌نجامێك!. ته‌نیا به قسه و لێدوانى رۆژنامه‌وانى و به‌ڵێنى جێبه‌جێنه‌كراو، هیچ شتێك چاره‌سه‌ر نابێت!. ئه‌گه‌ر حكومه‌تى عێراق به‌ڕاستى نیازى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌یه، فه‌رموو با بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆیه‌كى جددى بكات و به‌پێى ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بگه‌ینه ئه‌نجامێك له به‌رژوه‌ندیى هه‌موو عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا بێت. هیوادارین ئیتر له قۆناغى لێدوانى ڕۆژنامه‌وانى و قسه‌ى دووباره ده‌رباز ببین و هه‌نگاوى كرده‌یى بنرێن!.
دزه‌یى هه‌روه‌ها وتى "له‌وه‌تەى عه‌بادى له‌باره‌ى ناردنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه قسه ده‌كات، به شێوه‌یه‌كى كرده‌یى تا ئێستا له قسه زیاتر نه‌بووه و وێڕاى ئه‌وه‌ى كه لیسته‌كانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌شمان ناردووه، كه‌چى هێشتا هیچى كرده‌یى لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه".
هه‌روه‌ها وتى "ئه‌وه‌ى ئێستا له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، له سزادانى به‌كۆمه‌ڵى گه‌لى كوردستان بترازێ، هیچ ناو و پێناسه‌یه‌كى دیكه هه‌ڵناگرێت!. هاووڵاتیانى كوردستان باش له‌م ڕاستییه تێگه‌یشتوون و وایان لێهاتووه به‌رله‌وه‌ى له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كاندا قسه بكرێت، ده‌زانن چى ده‌گوترێت، چونكه هه‌مان وشه و هه‌مان ڕسته‌ى دووباره‌ن و هیچى تر".
دزه‌یى ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە ئه‌و ژمارانه‌ى به‌ڕێز عه‌بادى له‌باره‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و داهاته‌كانیه‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به ته‌واوى زانیارى هه‌ڵه‌ن و له چه‌ند ڕۆژى داهاتووشدا كاتێك كۆمپانیاى جیهانیى دیلۆیت بۆ وردبینى، ژماره ڕاسته‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌و ڕاستییه ڕوون ده‌بێته‌وه كه به‌ڕێز عه‌بادى له‌و لێدوانانه‌دا پشتى به زانیاریى ڕاست نه‌به‌ستووه!. جگه له‌وه‌ى پێشتر به ژماره وه‌ڵامى ئه‌و قسانه‌مان داوه‌ته‌وه و پێویست ناكات چیترى له‌سه‌ر بڵێین!