توێژەری دیاری کورد، د. بورهان یاسین دەڵێت" ئەم فەرمانڕەواییە لە هیچ نەدەچوو تەنها لە ئیمبراتۆریەتێک نەبێ کە "لەسەر لم بونیادنراوە" و دەسەڵاتێکی کرمی و کڵۆڵە".
لە وتارێکی نوێدا بەناونیشانی " دووڕیان و بڕیار: چەند سەرنجێک لەسەر پێدراوە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە پۆست-شکستدا" ، د. بورهان یاسین توێژەر و نوسەری دیاری کورد دەڵێت " بژاردەی حکومەتی رزگاری نیشتمانی: بە باوەڕی خۆم ئەم هەنگاوە باش و پێویست بوو، بەڵام یەکەم، کەمێک دواکەوت، وە دووەم، کاتێکی زۆر درایە لایەنی دەسەڵاتدار (نەک هەر کاتێک بەڵکو کاتێکی زۆر زێڕین) کە تیایدا حکومەت توانی هەندێک بێتە سەرخۆی، زۆر بە تایبەتیش "پشتگیری" ئەمریکییەکان و رۆژئاواییەکان بەدەست بهێنێتەوە و وەبەرهێنانی سیاسی لە ئەم پشتگیریەشدا بکا و بیشیکات بە بەهانە و فاکتەری مانەوەی خۆی. بەندە پێم وایە ئەو پڕۆژەیەی کە گۆڕان و کۆمەڵ دایان بە دەسەڵاتداران، زۆر بە تایبەتی بە لایەنی پارتی، پێویست بوو لەم کاتە زێرینەدا تەنها ماوەیەکی کورت، بۆ نموونە ٧٢ کاتژمێر، یا کاتێکی کورتی لەم جۆرەی بۆ دیار بکرێ".
ئەو توێژەرە لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ دەڵێت " وەک دیارە ئەم ساڵە ساڵی هەڵبژاردنەکانە وە دەکرێ بە زۆر پێوەر هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەیان زۆر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو جیواز بێت، تەنانەت جیواز لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ش کە تیایدا سەرکەوتنی گۆڕان بوو بە زەمینلەرزەیەکی سیاسی پڕ مانا. بە کەمترین رادەی پاکی و بێگەردی لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا دەکرێ گۆڕانکاریێکی گەورە، بگرە ریشەییش، بەسەر نەخشەی سیاسی باشووری کوردستاندا بێت. جگە لەوەی کە هەر نەبێ دوو هێزی سیاسی نوێ (نەوەی نوێ و هاوپەیمانی) دەکەونە ناو رکابەری هەڵبژاردنەکان و ئەم دوو هێزەش هەر یەک بەش بە حاڵی خۆی دەنگ ئەهێنن، بەڵام گرنگیش ئەوەیە هەر لە ئێستاوە ئەوە بڵێین کە لەم هەڵبژاردنانەدا یەکێتی بە رادەیەک بچووک دەبێتەوە کە ئیتر زۆر بە کەڵکی مانەوەی پارتی نامێنێت: نەهێنیش نییە گەر بڵێین باڵادەستی پارتی تەنها هی هێزی خۆی نییە، بەڵکو هی پشتگیری و ملکەچیەکەی یەکێتیشە. بگرە هەندێک بۆچوونیش هەیە کە دەخوازێ رێک و راست بڵێ مانەوەی دەسەڵاتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وابەستەیە بە پشتگیری یەکێتی لەو حزبە و چوونە ژێر باری سیاسەتەکانی پارتی، هەندێک جاریش "بەبێ مەرج".