زێره‌ڤانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سوپای‌ عیراق ده‌كات

فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی هه‌ڕه‌شه‌ی توند له‌هێزه‌كانی‌ سوپای‌ عیراق و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، " ئه‌وه‌ی‌ له‌ڕابردوش به‌رامبه‌رتان كراوه‌ شتێكی‌ بچوكه‌".

لیوا عه‌زیز وه‌یسی، فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا هۆشداریی به‌سوپای‌ عیراق و حه‌شدی‌ شه‌عبیداو ڕایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ی‌ له‌سنوری‌ كه‌ركوك و زوممار له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ پێتان كرا، شتێكی‌ بچوك بوو، ئه‌گه‌ر پێویست بكات، گه‌وره‌تر له‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بینن".

ناوبراو ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عیراق خوازیاری‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ  هه‌رێمی‌ كوردستان، ئێمه‌ش ئاماده‌ین له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ قسه‌بكه‌ین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌پاندنی‌ ئیراده‌ له‌هیچ كه‌سێك قبوڵناكه‌ین به‌تایبه‌ت سوپای‌ عیراق و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌".

فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی زێره‌ڤانی ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "ئێمه‌ به‌هه‌موشێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ عیراق له‌سه‌ر كێشه‌كانی‌ نێوانیان بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن به‌تایبه‌ت له‌بواری‌ سه‌ربازیی و دارایی و ئیداره‌دانی‌ ناوچه‌كاندا".




PM:01:49:11/01/2018