حکومەتی عێراق: کۆبوونەوەی لیژنە هونەریەکان رەنگە ببێتە خولقاندنی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ کۆبوونەوەی بالآ

وتەبێژی حكومەتی عێراقی رایدەگەیەنێت " دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سیاسییە باڵاكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم "لەم كاتەدا هیچ ئاماژەیەكی تێدا نیە، بەڵام كاری ئەو لیژنە هونەریە هاوبەشانە ئەگەر هەوڵی سەركەوتنیان بدەن "ڕەنگە ببێتە دروستكردنی كەشوهەوایەكی گونجاو" بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەسەر ئاستی باڵا.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراقی لەبارەی چوونی شاندی سێ لایەنی هەرێم (هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ) بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "ئەو شاندەی هاتبوونە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەچەند تەوەرێك كرا لەوانە پڕۆسەی وردبینی كردنی ناوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، تا لەزووترینكاتدا فەرمانبەران لە هەرێم مافی خۆیان كە موچەكانیانە پێبگات".

وتیشی، "بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بەكاری هاوبەشی هەردوولایە لەسەر ئاستی لیژنە هونەرییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، تا لەزووترینكاتدا ئەو پڕۆسەیە تەواو بێت".

سەعد حەدیسی وتیشی، "لەكۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەو سێ لایەنە باس لەچەند ناردن و خەرجی جوتیارانی هەرێمی كوردستان كرا، هەروەها باس لەكۆتایی هێنان بەكێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم كرا لەژێر ڕۆشنایی دەستور".
3ی ئەم مانگە، شاندێكی هاوپەیمانی دیموكراسی دادپەروەری و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی بەغدایان كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی و حیزبی كۆبوونەوە.




PM:12:16:14/01/2018