نوێنەری پەرستارانی دانەمەزراو لەهەولێر خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و هاوشێوەی پزیشكان داوای دامەزراندن دەكەن.
پەرستاران لەیاداشتێكیشدا بۆ حكومەت رایدەگەیەنن "لەماوەیەكی كەمدا بریار لەسەر دامەزراندنی پەرستاران بدەن و بەپێچەوانەوە بەردەوام دەبین لەخۆپیشاندان"، و هاوكات هەڕەشەی راگرتنی دەوام لەنەخۆشخانەكان و كۆلێژی پەرستاری دەكەن.
دەقی یاداشتی پەرستاران:
پەیامی ئێمەی نوێنەران
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئێمە وەكوو پەرستارانی دەرچووی ساڵی 2015_2016_2016-2017 ی هەر 3 پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك دوا بەدوای خوێندنی چەندین ساڵە و شەون و خونی كاتەكانی خوێندنمان و بەهەبوون و نەبوونی بودجەیەك بۆ تەواوكردنی خوێندنی پزیشكی كۆلێژمان تەواو كرد و بۆماوەی دوو 2 ساڵە ئێمە بژێوی ژیان و توانای ئیشكردن لە بواری ژیانمان وەستاوە و ئەم زانستەی كە لە كۆلێژ وەرمان گرتبوو خەریكە كاڵ دەبێتەوە لە بیرمان و بەرەو نەمان دەچێ.
لە كاتێكدا ئاگادارین بارودۆخی كوردستان چۆنە لەچەند رۆژی رابردودا دەرچوانی پزیشكی گشتی ئەمساڵ بەهەوڵێكی یەك چاوانە دامەزرێندران و سوپاس گوزاریان پێشكەش كرا، بێ ئاگا لەوەی چینێك بەناوی چینی پەرستار لەماوەی رابردوودا یارمەتی دەری ئەم حكومەتە بێباكە بووە و خۆبەخشانە بەشەو و رۆژ لە نەخۆشخانەكان و بێمووچە چەندین مانگ كاریان كردووە و بونەتە كۆلەگەی نەخۆشخانەكان.
ئێمە لێرەدا داوا لە بەرێز
سەرۆكی حكومەت
وەزیری تەندروستی
بەرێوەبەری گشتی تەندروستی
دەكەین كە لەماوەیەكی كەمدا بێنەسەرخەت و بریار لەسەر دامەزراندنی پەرستارانی كۆلێژ هاوشانی پزیشكی گشتی بدەن و بەپێچەوانەوە بەردەوام دەبین لەخۆپیشاندان و راگرتنی دەوام لە نەخۆشخانەكان و كۆێژی پەرستاری كاری داهاتوومان دەبێ.
لەگەل رێزدا
دەرچوانی كۆلیژی پەرستاری
15ی1ی2018