هەلی دامەزراندن راگەیەنرا

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعیراق، لە ماڵپەڕی خۆی فۆرمی دامەزراندنی بۆ كارمەندان سەر سندوقی دەنگدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە. و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعیراق، ئەوانەی سوودمەند دەبن، یان دامەزراندن دەیانگرێتەوە بریتین لە:

1- تەواوی كارمەندانی فەرمانگەكانی دەوڵەت، كە كەمترین بڕوانامەیان ئامادەیی بێت.

2- ئەندامانی سەندیكای پارێزەران و یاساییەكان.

3- قوتابیان و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەهەموو قۆناغەكانەوە، بەمەرجێك تەمەنی 18 ساڵ كەمتر نەبێت.

مەرجە داواكراوەكان بۆ پیشكەشكاران:

1-نابێت پێشكەشكار تەمەنی لە 63 ساڵ زیاتر و 18 ساڵ كەمتر بێت.

2- رێوشوێنەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە.

3-نابێت فەرمانبەری دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان بێت.

4- نابێت هیچ بڕیارێكی كۆمسیۆن بۆ سزادانی دەرچوو بێت.

5-نابێت نوێنەری قەوارە سیاسییەكان بێت یان چاودێری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بێت لەڕۆژی دەنگداندا.

6- پێویستە دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت كە پێشكەشی دەكات بۆی.

7- پێویستە لەسنووری جوگرافی ناوەندی تۆماركردنی بێت.

8- نابێت نزیكایەتی هەبێت لەگەڵ كاندیدەكان (باوك، دایك، برا، خوشك، هاوسەر، كوڕ، مام، خاڵ).

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، پێشكەشكردن دەبێت لەڕێی سایتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بێت (www.ihec.iq) لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و هەژمارەكەش لەڕۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2018ەوە دەكرێتەوە، تا رۆژی 30ی ئازاری 2018 بەردەوام دەبێت.

هاوکات بەگوێرەی زانیاریەکانی "سپی" لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە 40 هەزار کەس بە گرێبەست بۆ سندوقەکان و ڕۆژی هەڵبژاردن  وەردەگیرێن.




PM:01:31:15/01/2018