گرووپێكی چەكداری لە سنووری چای بەمۆ و دەوروبەری بینراون و "سپی" زانیاری لەبارەیانەوە ئاشكرادەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سنووری گەرمیان ئاشكرایكرد ئەو چەكدارانەی كە لە بناری بەمۆ حەشارگەیان هەبووە و لەلایەن ئاسایشەوە هێرش كراوەتە سەریان چەكداری داعشن".
سەرچاوەكە ئەوەی ئاشكراكرد یەكێك لەو شۆفێرانەی كە ئەو چەكدارانەی گواستۆتەوە دەستگیركراوە و برایەكیشی لەناو ئەو چەكدارانەدایە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "ئاسایش بەردەوامە لە كێوماڵكردنی ناوچەكە و لە حەشارگەكانیان خوێن دەبینرێت كە وا دەردەكەوێت برینداریان هەبێت".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "لەسەر بنەمای زانیاری و بەدواداچونی ورد بۆ هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رونبووە لەسەر بونی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە بناری بەمۆ.پاش لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بە فەرمانی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، ئێوارەی رۆژی 22 / 1 /2018 ئاسایشی گەرمیان ، بنكەكانی ئاسایشی بەمۆ و مەیدان و دەربەندیخان ئۆپراسیۆنی كیوماڵكردنی ناوچەكەیان دەسپێكرد و توانیان شوێن و حەشارگەی چەكدارە نەناسراوەكان ئاشكرا بكەن، رووبەڕوی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو بونەوە دوای ئەوەی داوایان لێكرا ناسنامەیان ئاشكرا بكەن و خۆیان رادەستی هێزەكانمان بكەن ".
ئاسایش ڕاشیگەیاندووە "توانرا حەشارگەكەیان ئاشكرابكرێت و دەسبگیرێت بەسەر یەك چەكی بیكەیسی و دوو كڵاشینكۆف و یەك فەردە تیئێنتی و 17 گولەی ئاربیچی و چەندین سندوقی فیشەك و مەوادی خۆراكی".