سایلۆی سلێمانی كە لە ئێستادا چۆڵ كراوە و هیچ كارێكی عەمباركردنی گەنمی تێدا ئەنجام نادرێت بەم زوانە دەتەقێندرێتەوە.
شاڵاو مەلا جەمال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "سایلۆی سلێمانی كە لەساڵانی حەفتاكاندا دروستكراوە بە گوێرەی گرێبەستێك كە پارێزگای سلێمانی واژۆی كردووە لەگەڵ كۆمپانیایەكدا بەم زوانە لەڕێگەی تەقینەوەوە تێكدەدرێت".
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لە بەرامبەر شوێنی ئەو سایلۆیەدا كۆمپانیای دیاریكراو كە گرێبەستی لەگەڵدا كراوە سایلۆی شارەزووری لە سەیدسادق دروستكردووە و چەند كارێكی دیكەی بۆ حكومەت ئەنجامداوە".
وتیشی "شوێنی سایلۆكە لەلایەن كۆمپانیاكەوە دەكرێت بە هۆتێل و خۆیان سەرپشكن لەوەی دوابڕیاریان ئەوە دەبێت بكرێت بە هۆتێل یان هەرشتێكیتر".
سەبارەت بەوەی لە شاری سلێمانی هیچ سایلۆیەك نیە شاڵاو مەلا جەمال ئەوەی خستەڕوو كە نابێت سایلۆ لەناو شاردابێت، هەربۆیە چەند سایلۆی ترمان هەیە لەدەرەوەی شاری سلێمانی وەك سایلۆی چەمچەماڵ و سەیدسادق و پیرەمەگرون و ڕانیە.
بەگوێرەی زانیاریەكان لەئێستادا تەواوی ئامادەكارییەكان لەناو سایلۆكە كراوە بۆ تەقاندنەوە و كۆمپانیایەكی توركی- ئەڵمانی ئەو تەقینەوەیە ئەنجام دەدەن و بڕیاریشە كەناڵە میدیاییەكان لەپێشدا لەوبارەیەوە ئاگاداربكرێنەوە.