دوایین زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداوە ئاشکرادەکرێت

ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێ لە هەڵبژاردنەكان نزیك بووینەتەوە و كورد هەرچی داواكاریی هەیبێت بۆی جێبەجێ دەكرێت، بۆیە با "هاووڵاتییان دڵنیا بن گفتوگۆی ئەمجارەی نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامی باشی دەبێت".

عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ڕایگەیاندوە"ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەستیان پێ كردووە، هەنگاوێكی زۆر باشە كە گفتوگۆ دەكرێت و شاندی بەغدا هاتوون بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەگەر ئەمە خێری بۆ هاووڵاتییان هەبێت كارێكی زۆر باشە و ئەنجامی باشیشی دەبێت، چونكە بۆ چارەكردنی كێشەكان تەنها ڕێگا گفتوگۆیە".

عەبدوڵڵا عەلیاوەیی وتوشیەتی"ئەمجارەیان با خەڵكی ھەرێمی كوردستان دڵنیابن، گفتوگۆكان ئەنجامی دەبێت، چونكە لە هەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە و لایەنەكانیش بۆ ئەوەی لە كورد نزیك ببنەوە داواكارییەكانیان قبووڵ دەكەن و لەگەڵیان دەگەنە ڕێككەوتن، بۆیە هەموو لایەنەكان لە عێراق پێویستیان بە كورد هەیە، چونكە كورد پێكهاتەیەكی سەرەكیی عێراقە و ڕۆڵێكی گرنگیشی هەیە لە یەكلاییكردنەوەی پرسەكان".

ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆك كۆماری عێراق ڕاشیگەیاند"ئێستا هەر هەنگاوێك بەو ئاراستەیە بنرێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان باشتر بكرێت كارێكی زۆر باشە، هەربۆیە هیوادارین هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن و كێشەكانیش لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بكەن."




PM:04:41:02/02/2018