سێ پەرلەمانتاری کورد سزادران


لەسەر دانیشتنی رۆژی دووشەمەی رابردوو سێ‌ پەرلەمانتاری كورد سزا دەدرێن وتەکانیشیان لە پرۆتۆکۆلی پەرلەمان دەسڕێتەوە.

بەنووسراوێك كە واژووی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەسەرە، سێ‌ پەرلەمانتاری كورد سزا دەدرێن گوایە رەفتاری پەرلەمانتارییان نەنواندووە، ئەوانیش هەر یەكە لە سیروان عەبدوڵا و  شاخەوان عەبدوڵا و مەسعود حەیدەرە.

بەپێی نووسراوەكە كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، ئەم سێ‌ ئەندام پەرلەمانەی كورد،  وتەكانیان لە كۆنووسی فەرمی دانیشتنی پەرلەمان دەسرێتەوە، 15 رۆژ ئەندامێتیان هەڵپەسێردراو دەبێت، هەروەها بە بری ئەم 15 رۆژە لە مووچەكانیان دەبڕدرێت.

دوێنێ لە ناو هۆڵی پەرلەمان، بەبێ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2018، نوێنەرانی كورد ڕێگریان لە خوێندنەوەی دووەم كرد بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی لە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەو هۆیەشەوە پشێوی دروست بوو دواتر كۆبوونەوەكە دواخرا.

هەر یەكە لە پەرلەمانتارانی كورد سیروان عەبدوڵا و شاخەوان عەبدوڵا لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەسعود حەیدەر، لە فراكسیۆنی گۆڕان، بەهۆی ئەو پشێویەوە لە ناو پەرلەمان، سەرۆكایەتی پەرلەمان داوای سزادانیان دەكات تا ئاستی لێسەندنەوەی متمانە.




PM:07:47:07/02/2018