گۆڕان لەسەر دەستنیشانکردنی سەرۆکی لیستەکەیان لە سلێمانی یەکلایی دەبێتەوە

گۆڕان کە تا ئێستا لە رووی دەنگەوە لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق بەهێزی یەکەمی ناوچەکانی سلێمانی دادەنرێت، لەسەر سەرۆکی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەکلایی دەبێتەوەو بڕیاری خۆی دەدات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە دوایی کێبەرکێیەکی زۆر لەنێوان هەریەک لە ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئێستای پەرلەمان و عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان و د. یوسف محەمەد سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەو لیژنەیەی کە گۆڕان دەستنیشانکردووە بۆ کاندیدکردنی ئەو ناوانە بە راوێژ لەگەڵ خانەی راپەڕاندندا لە کۆتاییدا بڕیار درا د. یوسف محەمەد بکرێت بە سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی.

د. یوسف محەمەد سەرۆکی دەستلەکاركێشاوەی پەرلەمان پێشتر بەرپرسی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ سەرۆکی لیستی گۆڕان بوو بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەپێی رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان کرا بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەلآم لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، پارتی لە ٢٠١٥/١٠/١٢ پارتی لە شارۆچکەی پردێ رێگری لە ناوبراو کرد وەک سەرۆکی پەرلەمان بگەرێتەوە سەر کارەکەی. 



PM:09:46:11/02/2018