مامۆستایانی ناڕازی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكەیان گۆڕی و لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاواوە بە ڕێپێوان دەچنە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە.
خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی كە كاتژمێر 10 لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستیپێكرد لە ئێستادا ئاڕاستەی گۆڕاوە و خۆپیشاندەران بە ڕێپێوان دەچنە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامانجی ناڕەزایی دەربڕین دژی ئەو كۆبوونەوەیەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ 13 لایەنی سیاسی ئەنجامی دەدات.
خۆپیشاندەران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بە مەبەستی هەڵوێست وەرگرتن دژی بە حزبیكردنی بایكۆتی مامۆستایان دەچنە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و دەیانەوێت ڕێگری لە چوونەژوورەوەی شاندی 13 لایەنە سیاسیەكە بكەن كە بڕیارە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی كۆببنەوە بە مەبەستی كاركردن لەسەر شكاندنی بایكۆت.
هاوكات مامۆستایانی ناڕازی لە كەلار گردبوونەوە و بەردەوامن لە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن.