خشتەی دابەشکردنی کارەبا ڕادەگەیەنرێت

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای راپەڕین رایدەگەیەنێت، لە شەو و ڕۆژێکدا دەتوانن تەنها حەوت كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بۆ هاوڵاتییانی سنووری راپەڕین دابینبكەن.

عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای راپەرین بە "خەندان"ی راگەیاندووە "ئێمە لەشەو و رۆژێكدا تەنها حەوت كاتژمێر كارەبامان پێ دەدرێت لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە، بۆیە تەنها توانای دابینكردنی ئەو بڕە كارەبایەمان هەیە بۆ هاوڵاتییان".

ئاماژەی بەوەشكرد، "بڕی هەشت كاتژمێر كارەبا لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ هاوڵاتیان دابیندەكرێت، بەوەش كۆی پێدانی كارەبا لە 24 كاتژمێردا دەكاتە 15 كاتژمێر".

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای راپەرین ئەوەشی خستەڕوو، "لە چەند مانگی داهاتوودا جۆزەی 20 ئەمێری دەبەسترێت بۆ هاوبەشەكانی كارەبا، بەو شێوەیەش رێژەی پێدانی كارەبایی نیشتیمانی زیاد دەكات، چونكە رێژەی زیاد بەكارهێنانی كارەبایی نیشتیمانی كەمدەبێتەوە".

هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان جگە لە پێدانی پارەی كارەبای نیشتیمانی، مانگانە بڕی زیاتر لە 10 هەزار دیناریان بۆ هەرئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لێوەردەگیردێت، بەوەش بارگرانی زیاتر بۆ هاوڵاتییان دروستبووە.




PM:03:22:15/02/2018