فڕۆکەکانی عێراق پردێ بۆردومان دەکەن

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق دوو گوندیان لە سنووری پردێ لە رۆژئاوای شاری كەركووك بۆردوومان كرد.

میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ سێشەممە بەگوێرەی زانیارییەكی هەواڵگری، سوپای عێراق زانیویەتی كە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە دوو گوندی سەر بە شارۆچكەی پردێ لە رۆژئاوای كەركووك خۆیان حەشار داوە، بەم هۆیەوە لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگی ناوچەكانیان بۆردوومان كردووە.

بەپێی سەرچاوە عێراقیەكان، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق هەردوو گوندی نەبیاوا و شانشینانیان لە ناوچەی ساڵەییانی سەر بە شارۆچكەی پردێ بۆردوومان كردووە.

هەواڵگری عێراقی رایگەیاندووە هێزەكانی داعش بەنیاز بوون لەو ناوچانەوە هێرش بكەبە سەر سنووری شاری كەركووك و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. سەرچاوەكان ئاماژەیان بە زیانەكانی بۆردوومانەكە و ئەنجامەكانی نەداوە



PM:11:35:27/02/2018